الرئيسية / بەشی کوردی / بیردۆز / “ڕۆژانی حوزەیران”ـی ١٨٤٨: گڕکانەکەی شۆڕش دەگڕکێنێت

“ڕۆژانی حوزەیران”ـی ١٨٤٨: گڕکانەکەی شۆڕش دەگڕکێنێت


ساڵی ١٨٤٨ ساڵی شۆڕش بوو لە ئورووپا، کرێکارە فەڕەنسایییەکان هەڵسان و هەڵچوونە سەر خیابان. ئەمڕۆ وەکوو مارکس لەو کاتەدا نووسیویەتی، تارمایییەک جارێکی دیکە چینە دەسەڵاتدارەکان ڕاودەنێت – تارمایییەکی کۆلاگری.


لە شوباتی ساڵی ١٨٤٨ـدا کرێکارانی پاریس پاشایان ڕووخاند و کۆماری دووەمی فەڕەنسایان دامەزراند. دوای چەند مانگێک جارێکی دیکە سەرهەڵدەدەن، لەوەی کە بە ‘ڕۆژانی حوزەیران’ـدا ناسراوە، کە کارڵ مارکس لەو کاتەدا بە “مەزنترین شۆڕش کە تا ئێستا ڕوویداوە… شۆڕشێکی پرۆلیتاریا دژ بە بۆرژوازی” ناسانی کرد.

کرێکاران لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٨٤٨ـدا شکستیان هێنا، بەڵام خەباتە قارەمانەکەیان کەلەپوور و وانەگەلێکی گواستەوە کە لەڕادەبەدەر بەنرخ دەمێنێتەوە بۆ کرێکارانی ئەمڕۆش

پاشایەتیی تەمووز

فەڕەنسا لە ساڵانی ١٨٣٠ و ١٨٤٠ لەژێر دەسەڵاتی بەناو ‘پاشایەتیی تەمموز’ـی پاشا (لویس فیلیپ)ـدا ژیا. ئەو ڕژێمە لانەی گەندەڵی بوو.

لەڕێی قەرزی نیشتمانییە هەمیشە فراوانتر بووەکە و دابەشکردنی گرێبەستەکان بۆ کارە گشتییەکان، وەزیران “گوشارە سەرەکییەکانیان بەسەر دەوڵەتدا کەڵەکە کرد، و بەرامە زێڕینیەکانیان بۆ ئەرستۆکراسیی دارایییە جامبازەکان مسۆگەر کرد”، بە وتەی مارکس. ئەم بارودۆخە هەستێکی ئاشنایی هەڵدەگیرسێنیت بۆ هەر کەسێک ئەمڕۆ لە بەریتانیا [وەرگێڕ: و تەواوی جیهان] دەژی.

چینی کرێکاری ساوا بێبەزەیییانە دەچەوسێنرایەوە لەژێر ئەم ‘پاشایەتییە بۆرژوازییەدا’، زۆرجار ڕۆژانە ١٤ – یان تەنانەت ١٨ – کاتژمێر کاریان دەکرد، بەزەحمەت ئەوەندە داهاتیان هەبوو کە بتوانێت بژی. نەبوونیی خانووبەرە واتای وا بوو کە کرێکاران و خێزانەکانیان لە ژوورە بچووکەکاندا گیر بخۆن، ناچار بوون لە خراپترین بارودۆخدا بژین کە بیریان لێ کردبێتەوە.

بەڵام هەر لەم قۆناغەدا بوو کە کرێکاران دەستیان کرد بە دروستکردنی ڕێکخراو و کۆمەڵگەی پەروەردەیی تایبەت بە خۆیان، کە تێیاندا ئایدییاکانی کۆمەڵاگری بەتامەزرۆییەوە گفتوگۆ دەکرا. ناسراوترین کۆمەڵاگری ساڵانی ١٨٤٠ لویس بلانک (Louis Blanc) بوو کە بەنێوبانگترین بەرهەمی خۆی بەناوی ڕێکخراوی کار لە ساڵی ١٨٣٩دا بڵاو کردەوە.

بە وەرگرتنی ‘مافی کارکردن’ – بیرۆکەیەک کە بۆ یەکەمجار لەلایەن کۆمەڵاگری یوتوپیایی چارڵز فۆریێ (Charles Fourier)ـوە خرایە ڕوو – وەک دروشمی خۆی، داوای دروستکردنی ‘شوێنکاری کۆمەڵایەتی’ لەلایەن دەوڵەتەوە کرد، کە دامەزراندن پێشکەش بکات بە هەمووان.

شۆڕشی شوبات

فەڕەنسا لە ساڵانی ١٨٤٦ و ١٨٤٧ـدا تووشی قەیرانێکی ئابووری قووڵ بوو. لەم چوارچێوەی ناسەقامگیرییەدا، ئۆپۆزیسیۆنی لیبڕاڵ بڕیاری دا دۆزەکەی خۆی بۆ چاکسازی لە هەڵبژاردنەکاندا بەهێز بکات بە بانگەوازێژی ڕاستەوخۆ بۆ گەل، یان لانی کەم چینی ناوەڕاستی بەڕێز، کە سوودمەند دەبن لەو درێژپێدانە مامناوەندییانەیان لە تازیارییەکاندا.

بەڵام یاسا توندڕەوەکانی دژەکۆبوونەوەی پاشایەتی، وای کرد کە ئەستەم بێت کۆبوونەوە یان گردبوونەوەی ڕامیاری ئەنجام بدەن. بەڵکو هەڵمەتێکی ‘بانگهێشتن’ـیان ڕاگەیاند، کە تێیدا ئامادەبووان پارەی چوونە ژوورەوە دەدا بۆ وەرگرتنی هەندێک خواردن، مەی بۆ بەخۆشیکردن، و دواتر لەلایەن مشتێک وتاردەری ناسراوەوە وتاری توندیان دەبیست.

یەکەم بانگهێشتنی هەڵمەتەکە لە پاریس لە تەمموزی ١٨٤٧ بەڕێوە چوو. یەکسەر، هەڵمەتەکە کەوتە ژێر کاریگەری ئەو ‘دیموکراتان’ـەی ڕادیکاڵتر بوون ، کە لایەنگری مافی دەنگدانی گشتگیر بوون.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هەڵمەتەکە، کرێکارانیش بەرەو خەباتی ڕامیاریدا ڕاکێشران. بەڵام جگە لە دەنگدان داواکاری کۆمەڵایەتی خۆیان بەرز کردەوە، هەروەک چۆن چارتیستەکانی بەریتانیا. بۆ نموونە لە بانگهێشتێک لە (چارتریس)ـدا، ‘ڕێکخستنی کار’ شانبەشانی مافی دەنگدانی گشتگیر وەکوو داواکارییەک بەرز کرایەوە.

لە پەرلەماندا، هەڵمەتی بانگهێشتنگێڕی هیچی نەکرد بۆ شکاندنی بەرخۆدانی حکوومەت. لە ژینگەی پەرەسەندنی گرژییەکاندا، ئەلێکسیس دی تۆکیڤیل (Alexis de Tocqueville) جێگری لیبڕاڵ ئەم هۆشدارییەی خوارەوەی پێشکەش کرد:

“ئەمە، ئەی بەڕێزان، باوەڕەی پتەوی ڕەقوتەقی منە: من باوەڕم وایە کە ئێمە لەم ساتەدا لەسەر گڕکانێک دەخەوین.”

کاتێک دەسەڵاتداران دواهەمین بانگهێشتنیان قەدەغە کرد، لە پاریس لە ٢٢ـی شوباتی ١٨٤٨، ئەم گڕکانە تەقییەوە.

لە ناوچە کرێکارییەکانی ئەو شارەدا، دوکانەکانی چەک تاڵان کران و دەستبەجێ دەست بە دروستکردنی بەربەست کرا. ڕۆژی داهاتوو پاسەوانی نیشتمانی بانگ کرا بۆ گەڕاندنەوەی ڕێکخستنی. وەلێ لەبری ئەوە بە دروشمی ‘بژی چاکسازی!’ هاتن.

پاشا حکوومەتەکەی لە کا دوورخستەوە، بەو هیوایەی ڕاپەڕینەکە دامرکێنێت. بەڵام ئەمە تەنها جەماوەرانی هان دا. کاتێک ڕیزێکی خۆپیشاندەران ئاڵای سووریان بەرز کردبووەوە هێڵێکی پیادە پەست کرد، سەربازان ڕاستەوخۆ گوللەیان نایە خەڵکەکەوە. پەنجا و دوو کەس هەرلەوێوە کوژران.

کرێکاران تووڕە بەو کۆمەڵکوژییە بەڵێنیان دا، ‘تۆڵەسەندنەوە!’ لەو ساتەوە چارەنووسی دەسەڵاتی پاشایەتی مۆر کرا.

تاوەکوو ڕۆژی دواتر، شارەکە کەوتە لەژێر کۆنترۆڵی چینی کرێکاری چەکدارەوە. کاتێ دەستلەکارکێشانەوەی پاشا بۆ بەرژەوەندی نەوە نۆ ساڵانەکەی ڕاگەیندرا، پەرلەمان لەلایەن کرێکارانی شۆڕشگێڕەوە داگیر کرا و بەزەبر کۆمارییان ڕاگەیاندن.

کرێکارانی خیانەتلێکراو

لە هەموو قۆناغەکانی شۆڕشی شوباتی ١٨٤٨ـدا، دەستپێشخەرییەکە سەر بە چینی کرێکار بوو.

ئەوە کرێکاران بوون کە بەربەستەکانیان دروست کرد و مردن لەسەریاندا. و ئەوە کرێکاران بوون کە بەزۆر ڕاگەیاندنی کۆماریان کرد. بەڵام ئەو چینەی لە ئەنجامی ئەم شۆڕشە کرێکاریییەدا هاتە سەر دەسەڵات، چینی کرێکار نەبوو. هەروەها نوێنەرەکانیانیش تەنانەت زۆرینەیان بەدەست نەهێنا.

لە ٢٤ـی شوباتدا دەسەڵات درایە دەست حکوومەتی کاتییەوە، بەزۆری لە کۆماریخوازە ‘پەتی’، یان ‘میانڕەو’ـەکاندا پێک هاتبوو، لەگەڵ چەند سۆسیالیستێک وەک لویس بلانک کە لەژێر فشاری کرێکاراندا زیاد کران.

ڕاپەڕینی کرێکاران دوژمنانی خۆیانی خستە سەر دەسەڵات. لیۆن ترۆتسکی ئەمەی بە “دژبەیەکی شۆڕشی شوبات” ناوبرد لە ساڵی ١٩١٧، کە بە هەمان شێوە بۆ شوباتی ١٨٤٨ دەکرێت بوترێت.

لەو نێوەندەدا، لە شەقامەکانی پاریسدا کرێکارانی چەکدار وەک دەسەڵاتێکی نزیکی بێبەرەنگار مانەوە. و دوای ئەوەی دەستیان بەسەر کۆماردا گرت، بە شێوەیەکی سروشتی تێیدا مینەی ڕزگاری خۆیانیان لە هەژاری و ستەمکاریدا دەکرد.

لە نیوەڕۆی ٢٥ـی شوبات، ڕۆژی یەکەمی کۆماری نوێ، پۆلێک لە کرێکارانی چەکدار ڕێپێوان بەرەو هۆتێل دی ڤیل. یەکێکیان پاژنەی قرمەکەی بە زەویدا دا و دایخواز: “Droit au travail [مافی کارکردن]”.

بلانک کە بینیی دروشمی خۆی هەڕەشەمەندانە بەسەریدا دەسەپێنرێت، کتوپڕ یەکێک لە یەکەمین فەرمانەکانی حکوومەتی کاتی داڕشت:

حکوومەتی کاتیی کۆماری فەڕەنسا بەڵێن دەدات کە ئامرازانی بژێوی کرێکار بە کار گەرەنتی بکات.

بەڵێن دەدات بە گەرەنتیکردنی کار بۆ هەموو هاوڵاتییان.”

هەمان فەرمان دروستکردنی ‘شوێنکاری نیشتمانی’ بۆ دابینکردنی دامەزراندن بۆ هەمووان ڕاگەیاند.

لە یەک شەوێکدا کرێکارانی پاریس کاریگەرانە بەرنامەی لویس بلانکیان کردە یاسای وڵاتەکەدا، ئەمەش نووسەرەکەی زۆر سەرسام کرد. بەڵام بلانک خۆی تا دەکرا لە ئامرازەکانی جێبەجێهێنانی دوور هێڵرایەوە. لەبری ئەوە ‘کۆمیسیۆن’ـێکی پێ درا تا سەیری پرسی ڕێکخستنی کار بکات، بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵات و بودجەیەکی پێشکەش بکرێت تاوەکوو هەر جۆرە چارەسەرێکی کردارەکی پێشکەش بکات.

هاوکات، ١٠٠،٠٠٠ کرێکاری بێکار لە شوێنکارە نیشتمانییەکاندا ناویان تۆمار کرا. بەڵام ئەرکی دۆزینەوە و ڕێکخستنی کار بۆ ئەم لەشکرە بێکارە نەدرا بە بلانک، بەڵکوو بە ئەلێکساندەر ماری (Alexandre Marie) درا کە دوژمنایەتی کۆمەڵاگری دەکرد.

ئەو کرێکارانی تۆمارکرابوون پڕۆژەی وەک ڕێکاندنی شامز دو مارس (Champs de Mars)1 پێیان درا. دامەزراندن لەسەر پڕۆژە بەسوودترەکان وەکوو دروستکردنی ئاسنەڕی یان ئاوەڕێ ڕەتکرایەوە لەلایەن حکوومەتەوە.

بێ سەیروسەمەرە ئەم ڕێکخستنە بۆ کەس دڵخۆشکەر نەبوو. کۆمەڵگای بەڕێز تووشی ئابڕووچوون بوو بە بینینی هەزاران کرێکار لە بەرانبەر بێکاریی زۆرەکییەوە پارەی گشتییان دەدرێت، لە کاتێکدا کرێکاران خۆیان بەتاڵییەوە بێهیوا بوون.

بۆ ئەوان، ‘مافی کارکردن’ ئاماژەیەک نەبوو بۆ خێرخوازی، بەڵکوو ڕێکخستنی بەرهەمهێنان بوو بە مەبەستی گەرەنتیکردنی کاری بەسوود بۆ هەمووان بەپێی لێهاتوویییەکانیان. ئەوەی کە دەیانویست، لە گەوهەردا، کۆمەڵاگری بوو. ئەوەی کە بەدەستیان کەوت ئەوە بوو کە لەلایەن مارکسەوە بەدڵتەنگییەوە بە “کارخانە ئینگلیزییەکان لە دەرەوەدا” وەسف کرا.

یانە شۆڕشگێڕییەکان

یەکێک لە بەرهەمە سەرۆدەرەکانی شۆڕشی شوبات بزووتنەوەی یانەکان بوو. ‘یانەکان’ ناوی خۆیان لە یانەکانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا وەرگرتووە. بەڵام خاوەنی ناوەڕۆکێکی چینایەتی زۆر جیاواز بوون.

تەنانەت رادیکاڵیترین یانەکانی شۆڕشی یەکەم کردەیەکی تا ڕادەیەکی زۆر بۆرژوازی بوون. لە بەرانبەردا یانەکانی ساڵی ١٨٤٨ هاوپڕێک بوون نێوان ئەنجوومەنی کرێکاران و پارتە ڕامیارییەکان. بەبەردەوامی کۆ دەبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتە گرنگەکان ڕۆژ، هەروەها پرسەکانی ئابووری و بیردۆزی ڕامیاریشدا.

تا ناوەڕاستی مانگی نیسان تەنها ٢٠٣ یانە لە پاریس هەبوون کە ١٤٩ـیان لە یەک فیدراسیۆنێکدا یەکگرتوو بووبوون. ئەوان لە بنەڕەتدا دەزگایەک بوون بۆ دیموکراسیی کرێکاران، بەخێرایییەوە گەشەیان دەکرد لە ئەرکەکانی ڕۆژانەی شۆڕشەوە.

مارکس ئەو یانانەی بە “ناوەندەکانی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ” وەسف کرد، تەنانەت “چێهێنانی دەوڵەتی کرێکاری دژ بە دەوڵەتی بۆرژوازی”.

پرسێکی سەرەکی بۆ بزووتنەوەی یانەکان پرسی هەڵوێستەکەی بوو لە پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی کاتیدا: ئایا دەبێت پشتگیری لە حکوومەت بکات، هەرچەندە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە، یان هەنگاو بنێت بۆ ڕووخاندنی؟ زۆرینەی یانەکانی پاریس هەڵوێستێکی ئاشتیخوازانەیان گرتە بەر، ڕۆڵی خۆیان وەکوو پشتگیرییەک بۆ حکوومەت دەبینی، و ئەگەریش پێویست بکات، چاودێرێک بۆ حکوومەت.

لە بەرانبەردا هەڵوێستی حکوومەتی کاتی بەرانبەر بە یانەکان زیاتر ترس و بێزلێکردنەوە بوو، نەک چاودێری و پشتیوانی.

تا ئەو کاتەی کرێکارانی چەکدار دەسەڵاتی سەرەکی بوون لەسەر خیابان، حکوومەتی کاتی دەبوایە خۆی ملکەچ بکات، بە پێشکەشکردنی تازیاری زۆری. بەڵام هیچ کەسێک لە حکوومەتەکەدا هیچ جۆرە وەهمەگەلێکی نەبوو لەم بارودۆخە کاتییەدا.

حکوومەت پێش دەکەوێت

حکوومەت بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە بەهێزتر بوو کە لە ٢٣ و ٢٤ـی نیسانی ١٨٤٨ ئەنجام درا.

هەموو فەڕەنسایییەکان کە تەمەنیان لە سەرووی ٢١ ساڵەوە بوو بێت، مافی دەنگدانیان بە ٩٠٠ نوێنەر هەبوو بۆ یەک ئەنجومەنی نیشتمانی. ئەمەش نزیکەی هەموو داواکارییە ڕامیارییەکانی چارتیستەکانی بەریتانیای بەدی هێنا، کە تەنیا چەند هەفتەیەک لەپێشتر خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە لەندەن ئەنجامدابوو.

دەرئەنجامەکەش سەرکەوتنێکی توند بوو بۆ حکوومەتی کاتی و کۆماری بۆرژوازی. نزیکەی هەموو کاندیدێکی سەرکەوتوو وەک ‘کۆماریخواز’ـێک خۆی کاندید دەکرد – لەنێویاندا زۆرێک لە پاشایەتیخوازەکانیش! ئەمەش ئەو وازەی دەرخست کە لە وڵاتەکەدا هەبوو. بەڵام نوێنەرە ڕادیکاڵ و کۆمەڵاگرەکان تەنها نزیکەی ٥٥ کورسییان گرتەوە لە کۆی ٩٠٠ کورسی لە ئەنجوومەندا.

دەبێت ئەوە لەبیر بکرێت کە چینی کرێکار لەم سەردەمەدا کەمینەیەکی بچووکی دانیشتوانی فەڕەنسای پێک دەهێنا و زۆرینەی ڕەهای دەنگدەران جووتیاران بوون، وا لە لادێکان دەژین.

دواتر بەشێکی بەرچاو لە جووتیاران بە شێوەیەکی توندوتیژ دەگۆڕێنە لای چەپ، وەلێ ئەمە کات و ئەزموونی دەویست. هەر دەبوایە لەم قۆناغەدا کۆمەڵاگران خۆیان بە گۆشەگیرییەوە ببیننەوە.

کرێکارانی شۆڕشگێڕی ناو یانەکان لالووت بوون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، دەستبەجێ دەستیان کرد بە داوای ڕووخاندنی ئەنجوومەنەکە. لەم نێوەندەدا حکوومەت خۆی لە ئەندامە کۆمەڵاگرەکانی، بلانک و ئەلبێرت پاک کردەوە و خۆی بۆ جەنگ ئامادە کرد.

لە ٢٤ـی ئایاردا ڕاگەیەندرا کە ئەو کرێکارانەی لە شوێنکارە نیشتمانییەکاندا ناویان تۆمار کراوە، یان دەخرێنە نێو سوپاوە، یا بە زۆر لە پاریس دەر دەکرێن.

کرێکاران ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکانیان، شاربەدەرکردنەوە و نەداری بوونەوە. لە ٢٢ـی حوزەیران، لویس پوخۆل (Louis Pujol)، جێگرێک لە شوێنکارەکاندا، ڕابەرایەتی خۆپیشاندانێکی کرد بۆ وەزارەتی کارە گشتیەکان و ڕووبەڕووی وەزیر، ماری، بوونەوە، کە پێیانی وت: “گەر کرێکاران نەیانەوێت بچنە هەرێمەکان، ئەوە دەبێت ئێمە بەزۆر بییانبەین”.

ئەو ئێوارەیە پوخۆل لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە پانتیۆن وتارێکی پێشکەش کرد. هاواری کرد: “گەل فریو درا!”، “ئێوە هیچتان نەکردووە پتر لە گۆڕینی ستەمکاران، ستەمکارانی ئەمڕۆش لە ئەوانەی دەرکراون قێزەونترن…پێویستە تۆڵە بسەننەوە!”

ڕۆژانی حوزەیران

لە ٢٣ـی حوزەیران، دەستکرا بە بەرزکردنەوەی بەربەستەکان لە لە پاریس. تا نیوەڕۆ، نزیکەی تەواوی بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکە لەژێر کۆنترۆڵی نزیکەی ٥٠ هەزار سەرهەڵداو بوو – سەرەڕای ئەوەش بێگومان خەباتکارە چەکدارەکان لەلایەن توێژەیەکی فراوانتری ئاپۆرەی چینی کرێکارەوە پشتگیریان لێ دەکرا.

لە هەمان کات، پاسەوانی نیشتمانی بانگ کرا. بەڵام وەڵامدانەوەکە تائەوپەڕی تێکەڵاو بوو. لە ڕۆژهەڵاتی پاریس، پاسەوانانی نیشتمانی ڕێگەیان دایە کرێکاران تا چەکداماڵینیان بکەن یان بەچالاکییەوە بەشدار بوون بە ڕاپەڕینەکەوە. بەڵام لە بەشی و ڕۆژئاوای دەوڵەمەنتری شارەکەدا، وەڵامدانەوەی فەرمانەکانیان تۆکمە بوو.

تا کاتژمێر یازدەی ئەو ئێوارەیە، جارێ ١،٠٠٠ کوژراو هەبوو، بەبێ ئەوەی کۆتایییەک بۆ شەڕەکە لەبەرچاو بێت. هەموو ڕابەرە دیارەکانی کرێکاران یان خیانەتییان کرد، یا کوژران، دەستگیر کران، یان لە دەربەدەریدا بوون. تاقە جێگرێکی کۆمەڵاگر یا خود ڕادیکاڵ لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا پشتگیری لە ڕاپەڕینەکەدا نەکرد.

ڕۆژنامەی ‘کۆلاگری دیموکرات’، لا خێفۆم (La Réforme)، ڕوونی کردەوە، “ئێمە شۆڕشگێڕەگەلێکی بەتین بووین” لە سەردەمی پاشایەتیدا، بەڵام “ئێمە لەژێر دەسەڵاتی کۆماریدا ئێمە دیموکراتی پێشکەوتنخوازین، بێ هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە جگە لە مافی دەنگدانی گشتگیردا”.

لویس بلانک بەیاننامەیەکی واژۆ کرد کە داوا لە کرێکارەکان دەکات “چەکی براکوژی”ـیەکانیان فڕێ دەنە خوارەوە، ئەو وای دەوت کە ئەوان “قوربانیی هەڵە لێک تێگەیشتنێکی کوشندەن”.

لە بۆچووندا بلانک کۆماری دیموکراتی وەک ئامرازێک دەبینیی بۆ ڕزگارکردنی چینی کرێکار. وەلێ لە کرداردا، بڕواوەکی بە دەوڵەتی بۆرژوازی وای لێ کرد لە سەرووی هەموو شتێکەوە بەرگری لێ بکات، تەنانەت لە بەرانبەر هەر ئەو کرێکارانەی کە بڕیار بوو خزمەتیان بکات. ئەم خەوشە کوشندەیەی چاکسازیخوازی جار لە دوای جار دەگەڕێتەوە بۆ ڕاوکردنی کرێکاران لە سەرانسەری جیهان.

لە پاریس بەفەرمی باری گەمارۆ ڕاگەیەندرا، و ژەنەڕاڵ یوژین کاڤایناک (Eugène Cavaignac) بەکار هێنرا لەگەڵ هێزی دیکتاتۆریانە بۆ شکستپێهێنان بە ڕاپەڕینەکە.

ئنگڵز ڕاپۆرتی ئەوەی دا: “ئەمڕۆ…تۆپخانەکان لە هەموو شوێنێک خراونەتەوە بواری جیبەجێکردن نەوەک تەنها دژی بەربەستەکان بەڵکوو دژی خانووەکانیش.” زۆرێک لە سەرهەڵدراوە دەستگیرکراوەکان لە شوێنی ڕووداوەکە تەقەیان لێ کرا و فڕێدرانە نێو ڕووباری سێن.

بەپێچەوانەوە، کرێکاران لەو ناوچەگەلەی لەژێر کۆنترۆڵیان بوو ڕێکخستنێکی تەواویان پاراست. تەنها دەمانچەفرۆشییەکان تاڵان کران، و ئەو دیلانەی لە کاتی شەڕدا گیردران زۆرجار ئازاد کران.

تێشکان

شتێکی هەرەگرنگ ئەوەیە کە کرێکاران بە تەنیا جەنگان. ئەم ڕاستییە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، ئەنجامەکەی دیاری کرد.

شۆڕشی شوبات لەلایەن کرێکارانەوە ڕابەرایەتی کرابوو. بەڵام لەلایەن بەشێکی بەبڕیاری مڵکدارە بچووکەکان و پیشەسازانی پاریسەوە پشتگیری دەکرا، کە زۆرینەی ئاپۆرەی شارەکەیان پێک دەهێنا لەو کاتەدا. لە حوزەیرانی ١٨٤٨ـدا ئەم ‘وردەبورژوازی’ـیانە لایەنگری بەرگریکارانی خاوەندارێتیی تایبەتیان گرت لە دژی کرێکاران.

لەو نێوەندەدا، تا ١٠٠ هەزار خۆبەخش لە پارێزگا گوندنشینەکانەوە دەڕژان بۆ ناو شارەکە و لە دووری ٥٠٠ میلەوە گەشتیان دەکرد بۆ شەڕکردن لە دژی ڕاپەڕینەکەدا. پاش بۆردومانکردنی بە گوللەتۆپی تەقینەوەیی دەوردانی لە هەموو لایەکەوە، ڕاپەڕینەکە دەستی کرد بە کشانەوە.

لە ڕۆژی سێیەمدا شەپۆلەکان دەستیان کرد بە وەرچەرخان لەدژی کرێکاران. و لە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ـی حوزەیران، دوا بەربەست لەلایەن سەربازانی کاڤایناکەوە پاک کرایەوە. کرێکارانی پاریس کە گۆشەگیر بوون، بەبێ ڕابەرایەتییەکی ناوەندی و تۆپخانەیەکی تایبەت بە خۆیانەوە، بۆ ماوەی چوار ڕۆژی تەواو خۆیان ڕاگرت لەدژی تەواوی هێزی سەربازی ‘ژیار’ـی بۆرژوازی.

حكوومەت ٧٠٨ قوربانی ڕاگەیاند. هێژماری کۆییی سەرهەڵداوان بەوردی ڕانەگەیندراوە، بەڵام پێدەچێت بۆ هەزاران زۆربوو بێت. هەزاران کەسی دیکەش دەرکرانە داگیرگە سزایییەکان لە جەزائیر.

پاریس هیچکات شەڕێکی وەها خوێناوی نەبینیبوو، کە تەنها تێکشکاندنەکەی کۆمۆنەی پاریس لە ‘هەفتەی خوێناوی’ ٢١-٢٨ـی ئایاری ١٨٧١ـدا دەیپەڕێنێت.

ئەوەی حوزەیرانی ١٨٤٨ـی لە هەموو ڕاپەڕینەکانی پێشوو جودا کرد تەنها قەبارەکەی نەبوو. دەکرێت بوترێت کە شۆڕشی حوزەیران یەکەمجار بوو کە پرۆلیتاریا ڕاستەوخۆ، هێرشی کردە سەر دەسەڵاتی چینایەتیی بۆرژوازی کرد، لە خودی خۆیدا.

نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کرێکاران و ڕابەرەکانیان، لە ئەزموونکردن و پەلکوتانی خۆیان بەرەو پێشەوە، هەڵەیان کردووە، چارەنووسی هەموو پێشەنگەکانیش ئاوایە.

ئەوە هێشتا قۆناغێکی سەرەتایی بوو لە گەشەسەندنی چینی کرێکاردا. لەو قۆناغەدا نەک هەر حیزبێکی ڕاستەقینەی چینی کرێکار نەبوو، بەڵکوو تەنانەت بزووتنەوەی سەندیکاش گەشەنەکردوو بوو و تا ڕادەیەکی زۆریش تەنها لە چەند پیشەسازییەکی تایبەتدا سنووردار کرابوو.

بەڵام ئەوەی کە توانییان ئەوەندە لە سەرکەوتن نزیک ببنەوە، لە کاتێکدا کە تەنانەت لە پاریسیشدا کەمینەیەکیان پێک دەهێنا، چ جای لە باقی فەڕەنسادا، زۆر گرنگترە.

کرێکاران لە ماوەیەیک هەنێک زیاتر لە سێ مانگدا پتر فێربوون و بەدەستیان هێنا لەوەی لە سێ دەیەی پێشوودا.

کرێکاران کاتێک کۆماری دیموکراسییان دەست کەوت، یەکسەر هەوڵیان دا بۆ ئامانجی خۆیان بەکاری بهێنن. کاتێک ڕێگرییان لێ کرا لە هەمان ئەو دامەزراوانەی هێنایانە بوون، ڕێکخراوی دیموکراسیی خۆیانیان دروست کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و گۆڕینێکی کۆمەڵاگر بۆ کۆمەڵگا.

و لە شکستەکەیاندا کرێکاران کەلەپوورێکی شۆڕشگێڕانەی بێئەندازەیان بۆ گواستینەوە.

هێزی کرێکاران

ڕووداوە مەزنەکانی حوزەیرانی ١٨٤٨ هەروەها کاریگەرییەکی تائەوپەڕی گرنگی بەسەر پەرەسەندی مارکسیخوازییەوە هەبوو.

مارکس بە سوودوەرگرتنێکی راستەوخۆ لە ئەزموونی کرێکارانی پاریس، لە ساڵی ١٨٥٠ـدا وتارێکی پێشکەش کرد بۆ رێکخراوەکەی، کۆمەڵەی کۆلاگر (The Communist League)، تێیدا، پێداگری لەسەر ئەوەدا کرد کە لە شۆڕشێکی داهاتوو؛

لەپاڵی حکوومەتە فەرمییە نوێیەکانەوە [کرێکاران] دەبێت لە هاوکاتدا حکوومەتی کرێکاری شۆڕشگێڕی خۆیان دابمەزرێنن، یان لە شێوەی کۆمیتە و ئەنجوومەنی ڕاپەڕێنەری ناوخۆیییەوە یان لەڕێی یانە یان کۆمیتەگەلەی کرێکارانەوە.”

سەرباری ئەوەش، ڕوونی کردەوە کە ئامانجی ئەم ئەنجومەن یان یانانەگەلە نابێت پشتگیریکردنی بێت لە حکوومەتی فەرمی، بەڵکوو بۆ هەڵدانەوەی و لە سەرەنجامدا بۆ ڕووخاندنی بێت، بە دامەزراندنی ئەوەی کە ناوی لێ نابوو “دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا” – دەسەڵاتی چینایەتیی کرێکاران.

لە کۆتاییدا بێژیی: “دەبێت دروشمەکەیان: شۆڕشی هەمیشەیی بێت.”

سەرەنجام، ئەوەی مانگی حوزەیرانی ١٨٤٨ تەنها بە وتە بڕیاری دابوو، لە کۆتاییدا بە کردار لەلایەن کۆمۆنەی پاریسەوە لە ساڵی ١٨٧١ جێبەجێ کرا: یەکەم دەوڵەتی کرێکاری لە مێژوودا.

هەروەها ئەم وانەگەلە لەلایەن لینین و ترۆتسکییەوە بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەردا کراوە، کە لە ساڵی ١٩١٧ـدا زۆر سەرکەوتووانە جێبەجێیان کرد، بۆیە زیادەڕەوی نییە گەر بڵێین پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە نێوان شکستی کرێکاران لە حوزەیرانی ١٨٤٨ و سەرکەوتنیان لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧.

ئەمڕۆکانە

ئەم ڕووداوانە تا ئەمڕۆش زۆر شتیان ماوە فێرمان بکەن. سەرمایەداریی جیهانی ڕووبەڕووی قووڵترین قەیران دەبێتەوە لە مێژووی خۆیدا. هەر ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا، جەماوەران حکومەتێک لە دوای یەکیان ڕووخاندووە لەبەر گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا. و ئەمەش تەنها دەستپێکێکە.

لە ئورووپادا، ئاستێکی گەندەڵی و دەردەداری هەیە کە بەراورد دەکرێت بە دواڕۆژەکانی ڕژێمی پاشایەتیی تەمموز، دەکرێت لەلایەن هەموو توێژەکان کۆمەڵگاوە هەستی پێ بکرێت.

وەکوو دی تۆکیڤیل لە ژانەویەی ١٨٤٨ـدا، دووربینترین نوێنەرانی پێڕۆی ئەم سەردەمە ئەو مەترسییەی لە پێشیانە دەبینن. گڕکانەکەی شۆڕش هەڕەشە دەدات جارێکی دیکە بگڕکێنێت.

بەڵام چینی کرێکاری هاوچەرخ بێهاوتایانە بەهێزترە لە ساڵی ١٨٤٨. و شیمانەی گۆڕینێکی کۆمەڵاگری کۆمەڵگا هەرگیز لەوە بەهێزتر نەبووە. لەگەڵ ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕانە، کە بە وانەکانی مێژوو ڕێنمایی بکرێت، سەرکەوتنەکەی مسۆگەرە.

کرێکارانی جیهان: یەک بگرن!

نووسین

جۆش هۆلرۆید

پانووس

1شامز دو مارس گۆڕەبانێکی گەورەی سەوزە لە پاریس، فەڕەنسا.

چاوگ

The ‘June Days’ of 1848: The volcano of revolution erupts