الرئيسية / بەشی کوردی / نێونەتەوەیی / سریلانکا: وێنەی بارودۆخی داهاتوو

سریلانکا: وێنەی بارودۆخی داهاتوو

لە ڕۆژی شەممە ٩ـی تەمموز، دەیان هەزار خەڵکی ئاساییی سریلانکا زاڵ بوون بەسەر ئاژاوەی گواستنەوەدا تاوەکوو لەسەر کۆڵۆمبۆی پایتەختدا داببەزن. بەربەستەکانی پۆلیس هەر وەک چوکڵی شقارتە لادەبران و جەماوەر لەبەردەم قادرمەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمیی سەرۆک وەستان. و پاشان، ئەوان بەپەلە هاتنە پێشەوە. جەماوەر، بە لافاوی ‘ئاراگالایا’ (خەبات)ـەکەیاندا لەناکاو جۆگەکانی پارێزییان ڕژاند کە چینی دەسەڵاتدار تا لە ڕامیاری دووریان بخاتەوە دایمەزراندبوو. لە ماوەی چەند خولەکێکدا هەزاران کەس دەستیان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتیدا گرت. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا سەرۆکی حەشاراو ناچار بوو ڕێکەوتی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی دیاریبکەت.

سێ مانگ دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خۆبەخۆ بە داوای ڕووخاندنی سەرۆک، و رێک دوو مانگ دوای ئەوەی براکەی، کە سەرۆکوەزیرانی پێشووبوو (ماهیندا ڕاجاپاکسا)، لەلاین جەماوەرانەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە، خەباتەکە لە سەرووی گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییە ڕاگەیەندراوەکەیدایە: دەرکردنی سەرۆکی ڕق لێکراو (گۆتا ڕاجاپاکسا).

ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە کە دەسەڵاتە بێئەندازەکەی خۆیان بە جەماوەران نیشان دا – نەک تەنها لە سریلانکا، بەڵکوو لە سەرانسەری هەموو جیهاندا. ئێستا چینی دەسەڵاتدار لە هەوڵ دانایە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی ‘یەکڕیزیی نیشتمانی’ بۆ جێگرتنەوەی شانشینی ڕاجاپاکسا. ئامانجەکەشی بەکارهێنانی دەموچاوەگەلەیەکی لێوبەبزە دەبێت بۆ لەخشتەبەری جەماوەران و لێسەندنەوەی سەرکەوتنەکەیان.

بەخێرایییەوە ئەو پرسیارە دەکرێت: بە نەمانی گۆتا، داهاتووی ئاراگالایا بۆ گوێ دەڕوات؟

مانگەگەلەی خەبات

لە چەند مانگی ڕابردوودا سریلانکا داڕمانێکی ئابووری ترسناک بەخۆیەوە بینی. تێکەڵبوونی قەیرانی سەرمایەداری کە لەگەڵ گشتوشییەکەدا سەریهەڵدا، و خراپ بەڕێوەبردنە گەمژانەکەی دەستە خۆبەزلزانەکەی ڕاجاپاکسا، میللەتی خستۆتە ناو ئاژاوەوە.

یەدەگی دراوی بیانی وڵاتەکە هەمووی بەهەڵم بووە. بەبێ ئەوەی دراوی کاش بۆ هاوردەکردنی کاڵا سەرەتایییەکانی هەبێت، سریلانکا سووتەمەنی بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکانی پێ نەما، جگە لە ڕۆنی چێشتلێنان و شیری منداڵان و تەنانەت دەرمان و کاغەزی سەرەتاییشەوە. لە کەشوهەوای گەرمی هاویندا، کوژانەوەی درێژخایەنی کارەبا بووبووە شتێکی ئاسایی. هەڵاوسان بە فەرمی لە سەدا پەنجا زیاترە، بەڵام بۆ سەرەتاییترین کاڵاکان زۆر زۆریش بەرزترە.

ئازاری بەرگەنەگراوی جەماوەران بوو کە بووە هۆی سەرهەڵدانە خۆبەخۆکەی تووڕەیی لە کۆتاییی مانگی ئازاردا کە داوای لابردنی گۆتا و تەواوی شانشینی ڕاجاپاکسایان دەکرد. لە مانگی نیساندا خەباتەکە پەرەی سەند بۆ داگیرکردنی هەمیشەییی (گالێ فەیس گرین)، بەرانبەر نووسینگەی سەرۆک و شوێنی نیشتەجێبوونە فەرمییەکەی. بۆ ماوەی مانگێکی تەواو، خەڵکی بەئاشتیانە سەوزی دەوروبەری ماڵی سەرۆکایەتییان داگیر کرد، بەبێ ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن. پاشان لە ٩ـی ئایاردا، مانگێک لە ململانێ بە ماندووبوونەوە، سەرۆکوەزیران (ماهیندا ڕاجاپاکسا) هەوڵیدا دارودەستەی تێکجوو بەکار بهێنێت بۆ دەرکردنی خەڵکی لە خیابان. بەڵام قامچی دژەشۆڕش تەنیا شۆڕشەکەی هان دا. لەو ڕۆژەدا خەڵک یەکەم پێستی سەری ڕاجاپاکسایەکیان برد کە ماهیندا ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە1.

بەڵام ئەگەر گۆتا پێی وابووایە کە قوربانیکردنەکەی براکەی دۆخەکە یەکلایی دەکاتەوە، ئەوە بەتوندییەوە هەڵەی کردووە. دوو مانگ تێبەڕی بەسەر وەرگرتنی (ڕانیل ویکرێمسینگ) لە پێگەی باڵای کابینەدا لە جێگای (ماهیندا ڕاجاپاکسا) و دۆخی جەماوەران تەنها خراپتر بووە.

لەناوەڕاستی مانگی ئایاردا حکوومەت ڕایگەیاند کە قەرزەکانی نەداتەوە. سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکان یەک لەدوای یەک، لە مانگی حوزەیران، حکوومەت ڕایگەیاند کە وڵاتەکە لە ڕاستیدا سووتەمەنی نەماوە. فرۆشتنی سووتەمەنی بۆ هەموو ئۆتۆمبێلەکان جگە لە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری قەدەغە کرا. مرۆڤ دەبێت کار بکات تاوەکوو بخوات. بەڵام چۆن مرۆڤ بتوانێت کار بکات بەبێ ئەوەی بتوانێت بە ئۆتۆمبێلێک بچێتە سەر کارەکەی؟ بۆ زۆر کەس ئەو قەدەغەکردنە فەرمانێک بوو بۆ برسی بوونیان.

بچووکترین واتەوات کە بڕیارە سووتەمەنی لە بەنزینخانەیەک بگەیەنرێت، بووە هۆی چێبوونی ڕیزێک بەدرێژایی کیلۆمەترێک. ڕیزدەبوون بۆ ماوەی ڕۆژێک یان تەنانەت بۆ چەند ڕۆژێکیش بووبووە شتێکی ئێعتیادی. ئەم ڕیزەگەلە بووە شوێنی ئاساییی تەقینەوەی تووڕەیی خۆبەخۆ و پێکدادانی نێوان سوپا و خەڵکدا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا.

خەڵکی بە هەزارانەوە دێن

هەرچەندە ناڕەزایەتییە هەمیشەیییەکان بچووک بوونەوە، بەڵام بێگومان بوو کە ئەو تووڕەیییەی کە لە سەروبەندی کوڵانادا بوو لە کۆمەڵگادا لە قۆناغێکدا هەر بکوڵێت. خەڵک بەکورتی ناتوانن وەک پێشوو بەردەوام بن. لە ٩ـی تەمموزدا بە ڕێپێوانی خوێندنگای ئامادەییی مۆنیستەر لە کۆڵۆمبۆ گەیشتە خاڵی کوڵاندن.

دەیان هەزار کەس دوایین قەدەغەی هاتوچۆی گۆتایان فەرامۆش کرد بۆ ئەوەی لەسەر پایتەختدا داببەزن. ئەوان بەسەر کێشە توندەکانی گواستنەوەدا زاڵ بوون بۆ ئەوەی بە هەر ڕێگەیەکی پێویست بێنە کۆڵۆمبۆ: بە دووچەرخە؛ لەسەر پشتی بارهەڵگرەکانی سووتەمەنی؛ یان لەڕێی خۆگرتن بە دەرەوەی شەمەندەفەرەکانەوە (دیمەنێک کە خەریکە باوتر دەبێت لەو کاتەی گواستنەوەی گشتی لە ناپەیداییی سووتەمەنیدا زاڵ بووە). دیمەنی خۆشحاڵی هەبوو کاتێک شەمەندەفەرەکان بە یەکتردا تێدەپەڕین، هەریەکەیان هەزاران ژن و پیاویان لەسەردا بوو کە ئاڵایان دەجووڵاندەوە، هەموویان بەرەو کۆڵۆمبۆ بەڕێوە دەچوون.

هەزاران کەسی دیکە کە نەیانتوانی گەشتەکەیان بۆ کۆڵۆمبۆ ئەنجام بدەن، لە شارەکانی سەرتاسەری وڵاتەکەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی، لە کاندی و کۆتاگالا لە پارێزگای ناوەڕاست، تا کورونێگالا لە پارێزگای باکووری ڕۆژئاوا، تا جافنا لە باکووری زۆرینە تامیلەکان.

لەکاتێکدا ناڕەزایەتییەکان ڕووبەڕووی گازی فرمێسکڕێژ و تۆپی ئاو و هێرشی بێبەزەیییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بوون – بەتایبەتی هێزی ئەرکی تایبەت (STF)ـی ڕق لێکراو کە هێرشێکی دڕندانەی دژ بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا – لە شوێنانی دیکەدا ڕوون بوو کە دۆخی تووڕەیی تەنانەت تووشی هەندێک بەش لە پۆلیس و سوپاش بووە. لە شوێنێکدا تۆمارکراوە کە ئەفسەرێکی پۆلیس کڵاوەکەی فرێدەدات و پەیوەندی بە ڕێپێوانە دروشمخوێنەکاندا کردووە، لە کاتێکدا لە شوێنێکی دیکەدا کۆمەڵێک سەرباز بینراون کە بەناو جەماوەرێکی دڵخوشدا ڕێپێوان دەکەن و ئاڵاکان بەسەر سەریانەوە دەشەکێنەوە.

ڕووداوە دراماتیکەکان

ئەم دیمەنانە پێشەکی ڕووداوە دراماتیکەکان بوون لەکاتێکدا کە جەماوەران پاشنیوەڕۆی شەممە هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتیدا. هەموو شۆڕشێک دەگاتە خاڵێک کە جەماوەر ترسی خۆی لەدەست دەدات. دوای ئەوەی ئازایانە دژی سەرشۆڕی، و فیشەک و داردەست و گازی فرمێسکڕێژی ڕژیم وەستانەوە، ئێستا لە ژوورگەی ئەو بینایە وەستاون کە قەدەغەکرابوون لە چوونە ژوورەوە بۆی. بە تەوژمێکی بەهێزدا هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی.

دوای ماوەیەک لە خۆشحاڵی و سروود، جەماوەر سەیری دەوروبەریان کرد و خۆیان لە باوەشی نازونێعمەتەوە بینیەوە. یەکێک لە ئەفسەرەکانی پۆلیس کە بەڕواڵەت لە ئەرکدا بوو، لە لای پیانۆی سەرۆک دانیشتبوو تا ئاوازێک لێبدات. لە حەوشەی کراوەدا، دەیان خۆپیشاندەر لە مەلەوانگەی تایبەتی سەرۆک کۆمار فێنک بوونەوە.

هەندێکی دیکەش بە نۆرە بازیان دەدا بەسەر ئەو جێگا چوار کۆڵەگەیەی کە پێدەچێت سەرۆک تا کەمێک لەم دواییانەدا تێیدا خەوتبێت. لە گەراجەکەدا خەڵکەکە گەلەکەشتییەکی تەواوی ئۆتۆمبێلی شۆخیان دۆزییەوە – بێگومان هەموویان، تانکییەکانیان پڕ بوون لەو بەنزینەی کە جەماوەران کڕینی لێیان قەدەغە کرابوو تەنانەت بە نرخێکی لەئەندازبەدەریش. تەنانەت لە ژوورێکدا خەڵکەکە کۆمەگەلێکیان لە چەندین دەیان ملیۆن ڕوپییەیان دۆزیەوە، کە پێدەچێت گۆتا لە دوای خۆی بەجێی هێشتبێت کاتێک بەلەز لە خەڵکەکە هەڵ هات!

لەلایەکی دیکەوە دەیان هاوڵاتی ئاسایی بە نۆرەنۆرە وێنەیان لەسەر کورسێکەی گۆتا گرت. گۆتا خۆی لە هیچ شوێنێکدا دیار نەبوو، هەرچەندە دەنگۆی هەوڵەکەی بۆ هەڵاتن لە وڵاتدا بڵاوبووبووەوە.

لە سەرەوەی ڕێگاکە، جەماوەرێکی زۆری دیکە هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی.ی دارەکانی پەرستگا (Temple trees)ـی2 سەرۆکوەزیران (ڕانیل ویکرمیسینگ)ـدا، لەکاتێکدا دوای چەند کاتکۆیەک شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتیی خۆی لەژێر بارودۆخێکی نامۆدا سووتێنرابوو.

لە بارێکی ترسدا، سەرکردەکانی هەموو پارتەکان – لە SLPPـی دەستبەحوکمەوە تا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەنێویاندا SJB – کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە. لەسەر فەرمانی ئەوان، سەرۆکوەزیران (رانیل ویکرێمسینگ) پێشنیاری پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە بەرژەوەندی ‘حکوومەتی هەموو حیزبەکان’ـدا دەکات. تاوەکوو ئێوارە خودی گۆتا بەڵێنی دا کە لە ڕۆژی چوارشەممە ١٣ـی تەمموز دەست لەکار بکێشێتەوە.

لەو شەوەدا، لە دەرەوەی بینای داگیرکراوی دارەکانی پەرستگادا، جەماوەر گۆرانی ‘ماڵاوا جوانکیلەکە’ ‘Bella Ciao’ـیان وتەوە – گۆرانی بزووتنەوەی پارتیزانی دژەفاشیستی ئیتاڵیایی لە ساڵانی چلەکاندا، کە ئەمڕۆ وەک گۆرانییەکی ڕاپەڕین لە هەموو جیهاندا زیندوو دەکرێتەوە.

‘یەکڕیزیی نیشتمانی’

ئەمە بەڕوونییەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ جەماوەران لە خەبات. بەڵام ئەگەر بەڕاستی گۆتا سبەی وەک بەڵێنی داوە دەست لەکار بکێشێتەوە، ئەمە تەنها پرسیارێکی نوێ بۆ ئاراگالایا درووست دەکات: یەکەمیان ئەوەیە، کێ یان چی جێگەی ئەو دەگرێتەوە؟ ئێستا گفتوگۆ لە نێوان ڕامیاریمەنداراندا بەردەوامە لەسەر تەنها ئەو پرسیارە. وتووێژ لەسەر ناوی سەرۆکی ئەنجومەن وەک سەرۆکێکی کاتی کرا، و بە هەمان شێوەش ناوی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی فەرمی SJB، (ساجیت پرێماداسا)ـش.

هەندێک لە ناو بزووتنەوەکە، وەک سەندیکای پارێزەران، هەوڵیان داوە خەیاڵی حکوومەتێکی “یەکڕیزیی نیشتمانی”ـدا درووستبکەن تاوەکوو قەیرانەکە پڕبکەنەوە: چاکسازی لە دەستووردا بکەن؛ تا گفتوگۆ بکەن لەسەر رزگارکردنی سندوقی دراوی نێونەتەوەیی؛ و تا ئامادەکردن بکەن بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ.

بەڵام پەرلەمان هەرکەسێک هەڵیببژێرێت، لەسەر بنەمای ئەو سیستەمە سەرمایەدارییەی کە هەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان بە نزیکییەوە بەستراوەتەوە پێی، قەیران لە سریلانکا تەنیا قووڵتر دەبێتەوە. جەماوەر هەر لە سەرەتای ئاراگالایایەوە گومانێکی تەندروستیان بە هەموو حیزبەکاندا نیشان دا. هەر لەسەرەتاوە دروشمی “بڕۆ ماڵەوە ٢٢٥” بەرزکرایەوە – واتە هەر ٢٢٥ پەرلەمانتاری پەرلەمان بڕۆنەوە ماڵەوە، کە لەلایەن زۆرینەی خەڵکییەوە بەقەد دەستەی دەسەڵاتدارەوە گەندەڵن.

ئەو قەیرانەی کە سریلانکا تێیدا تێدەپەڕێت، لە بنەڕەتدا قەیرانێکی سەرمایەدارییە. و نەک سووکبوونەوە، بەڵکوو تەنها قووڵتریش دەبێتەوە. دوو ساڵ لەدوای توندترین قەیران لە مێژووی سەرمایەداریدا، جیهان جارێکی دیکە بەرەو پاشەکشەیەکی قووڵ دەڕوات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری، کە خەریکە باری قەرزی ئابوورییە هەژارەکان و ئەوانەی بەناو ‘تازەپێگەیشتووەکان’ قورستر دەکاتەوە، داڕمانە نوێکەی هەناردەکردن تەنیا کەمبوونەوەی یەدەگی دراوی بیانی زیاتر توندتر دەکاتەوە. و ئەمەش نەک لە یەک یا دوو وڵاتدا، بەڵکوو لە سەرانسەری ناوچەگەلێکی زۆر لە جیهاندا ڕوودەدات.

وەک شیکارێکی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ڕوونی کردەوە:

“سریلانکا لە ئێستادا خەریکە لە وەکوو ئاگاداریکردنەوەیەکی سەرەتایی لێبێت بۆ ئەوەی کە دەکرێت ببێتە قەیرانێکی جیهانی بۆ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو کە قەرزێکی زۆریان لەسەرە و ناتواننیش ئەم قەرزە بدەنەوە…”

وڵاتانی دووری وەک ئەرجەنتین و ئەلسەلڤادۆر، میسر و غانا، پاکستان و لائۆس لە ڕووبەڕووی مایەپووچییەکی شاراوەدان.

بلومبێرگ هۆشداری داوە کە “زنجیرەیەکی مێژوویی لە نەدانی قەرزەکان بۆ بازاڕە تازەپێگەیشتوەکاندا بەڕێوەیە”، و ناوی ١٩ وڵاتی ناوە کە داهاتی بۆندەکانی حکوومەت لە سەدا ١٠ زیاترە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە ئەو وڵاتانە لە ناڕەحەتییەکی قووڵی قەرزاریدان.

ئەم وڵاتانە شوێنی نیشتەجێبوونی ٩٠٠ ملیۆن کەسن و بە کۆی گشتی ٢٣٧ ملیار دۆلار قەرزاری خاوەن بۆندە بیانییەکانن، واتە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی قەرزی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکان کە بە دۆلار، یۆرۆ یان یێن دیاری کراون. ئەمە دینامیتە لە بازاڕی قەرزەکاندا کە بڕیارە هەر کاتێک جیهان بەرەو پاشەکشە بخلێسێتەوە بتەقێتەوە.

قووڵبوونەوەی قەیران لە هەموو جیهاندا، جەماوەران ناچار دەکات لە وڵاتێکەوە دوای وڵاتێکی دیکە ڕێگای شۆڕش بگرێنە بەر. جەماوەری سریلانکا لە ڕووی چۆنێتیی خەباتەوە نموونەیەکیان پێشکەش کرد. نموونەکەیان لە قۆناغی داهاتوودا لە وڵاتێکەوە دوای وڵاتێکی دیکە دووبارە دەکرێتەوە. بەڵام هەڕجەندە گۆتا نەماوە، چینی دەسەڵاتداری سریلانکا هێشتا لەسەر کورسێکەی ماوەتەوە.

حکوومەتی ‘یەکڕیزیی نیشتمانی’ لە بەرژەوەندی ئەواندا حوکم دەکات. پەیوەندییەکی زۆر نیزیک درووستدەکەن لەگەڵ سندوقی دراوی نێونەتەوەیییەوە و کاردەکات لە هەوڵێکدا بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ئابووری لەسەر حیسابی چینی کرێکار و چینی ناوەڕاستدا. لەم حکوومەتەوە هەموو پارت و دامەزراوەکانی سەرمایەداری سریلانکا بەتەواوی بێناوبانگ دەردەکەون. جەماوەر ناچار دەبێت جارێکی دیکە ئاراگالایای خۆیان ببەنە سەر خیابان. لە ڕەوتی خەباتەکەیاندا، لەڕێی دوژمنبەزێنی و پاشەکشە نیوەچڵەکانیانەوە، توێژە فراوان و فراوانترەکان دەست دەکەن بە تێگەیشتن بەو ئەنجامەی کە ئازارەکانیان تەنها بە ڕووخاندنی خودی سەرمایەداری کۆتایی پێ دەهێنرێت.

بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئەمە جەماوەری کرێکاران لە سریلانکا پێویستیان بە دەنگی ڕامیاریی خۆیان دەبێت، حیزبێکی خۆیان کە بتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە ئەوەی پێویستە شۆڕشێکی کۆمەڵاگرە. دەبێت سامانی دەوڵەمەندان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش بگیرێتە دەست. ئەو جەماوەرە کە دەستیان بەسەر کۆشکی زۆرتێچووی سەرۆکدا گرد، بینییان کە سامانەکان لەوێدان. کێشەکە لەوەدایە کە لە دەستی هەڵەدایە.

پانووس

1(مێژوویی، لە نێو هێندێ لە گەلانی هێندی ڕەسەن) پێستی سەر بە مووەوە کە لە سەری دوژمن وەک نیشانە و یادگاری سەرکەوتن لێدەکرایەوە.

2ناوی شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی سریلانکا.

چاوگ

نووسینی: بێنجەمێن کیووری

Sri Lanka: the picture of things to come