لە ١٣ سێپتەمبەر، “پۆلیسی ڕەوشت”ـی ئێران ژینا ئەمینی کچەکوردی دەستگیر کرد لە تاران کە لە شارەکەی خۆیەوە، سەقز، لە بۆی هاتبوو، کاتێک لەگەڵ براکەیدا بووە. براکەی هەوڵی دا دەستتێخەری بکات و لە ئاژانەکانی پرسی “ئێمە غەریبەین لێرە، بۆ دەستگیری ئەکەن؟” وەڵامەکەیان لێدان بوو لەویش. پاشان ئەشکەنجەی ژینایان دا تا لەهۆشخۆی چوو. گەینرایە نەخۆشخانە، و لە هەینی ١٦ـی سێپتەمبەر، بەهۆی قووڵی برینەکانی کۆچی دوایی کرد.
لەپاش مەرگی، ڕژێم ئیدیعای ئەوەی کرد کە بەهۆی جەڵتەیەکەوە لەبەر نەخۆشییەکی خۆیەوە کۆچی مرد. دایکی ژینا هاتە دەنگ و ئەو ئیدیعاگەلەی پووچەڵ کردەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ کەناڵێکی هەواڵدا، بێژیی “کچەکەم ساغ و سەلامەت بوو، ئەوان وایان لێی کردووە”.
بیانووی “پۆلیسی ڕەوشت” ئەوە بوو کە لەچکەکەی ژینا “نەگونجاو” بوو، وەک ئەوەی ئەگەر ئەوە ڕاستیش بێت، ئەوە هاوستوونیی دەکات بۆ کوشتنە هۆڤێتییەکەیان بۆ ئەو، ئەوە جگە لەوەی ئەوە ئیدیعایە درۆیەکی بەدفەڕە و هیچی تر چون لەچکەکەی ژینا سێ مەتر درێژ بوو!
چینی دەسەڵاتداری ئێران یەکێکە لە هۆڤیترین و دڕندەترین چینە دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بگرە لە تەواوی جیهان. وەلێ لەم دوایییانە، تووشی خەباتێکی کرێکاری و جەماوەری بەرزەوەبوو بووتەوە. بۆیە دەیانەوێت هێزی خۆیان نیشان بدەن بەوەی بەدڕندانە سەری ئەو کچە بێتاوانە بشکێنن.
دڕندایەتیی پۆلیسی ئێران بەباشی ناسراوە بۆ هەمووان، و ئەو ڕەفتارانە وەکوو رۆتینێکی ڕۆژانە وایە بۆیان. چالاکەوانی ڕامیاریی ئێرانی، پوران نیزامی هاتە دەنگ و گوتی “من بۆ خۆم وەکوو کەسێک چەندین جار بەدەستی پۆلیسی ئاسایشەوە لێم دراوە و ئازارمیان داوە، ڕێک ساڵێک و چەند ڕۆژێک بەر لەئێستا لەگەڵ هاوڕێکانم هەر لەو گرتووخانەیەی وەزیران بێڕێزیمان پێ کرا و لێمان درا، بە بیری پۆلیس دەهێنمەوە کە ئەو گرتووگەیە چەندین کامیرای چاودێری لێیە، ئەگەر قسەکەتان ڕاستە تەواوی ڤیدیۆی تۆمارکراوی ئەو کامیرایانە بڵاو بکەنەوە تاوەکوو خەڵک بیبینن”.
لەپاش وتنەکەی پوران نیزامی، ڕژێمی ئێران ڤیدیۆیەکی لەهۆشچوونی قوربانییەکەی بڵاو کردەوە. ڤیدیۆیەکی ١:٠٦ تاکوو بۆنێک لە ڕاستی بدات لە ئیدیعاگەلەکەی. باوکی ژینا لە دیمانەیەکیدا ئەوەی دەر خست کە ئەو ڤیدیۆیە بەتەواوەتی درۆیە و لە شانۆگەری (صحنه ساز)ـی خۆیانەوەدایە. و وتیشی “٢٢ ساڵە کچەکەم تووشی هیچ نەخۆشییەک نەبووە مەگەر هەڵامەتێکی سووک نەبێت”.
دووڕوویی، دووڕوویی، دووڕوویی…
ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن “سەرکردەی کورد بۆ ڕزگاربوون” بێشەرمانە کپ بوون. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو لە ڕێوڕەسمی ماڵاواییکردن لە شاژنە ئێلیزەبێتی دووەم شاژنی بریتانیا. بەریتانیا، ئەو دەسەڵاتە کۆلۆنیالییەی کە زۆرترین بەشداری لە پارچەپارچەکردنی جەستەی زیندووی ناوچەکە و زۆرداریکردنە سەر کورد بۆ چەندین دەیە کردووە، وەلێ تاکە فزەیەکی نەکرد لەدەربارەی ژینا!
کەسایەتییەکی دیکە، سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسییە، کە بە باوکی ژینای گوت “کچەکەتان کچی منە، و ئەوەی ڕووی دا هەستێکی تێ کردم وەکوو ئەوەی کەسێکی ئازیزم وای بەسەردا هاتبێت”. هەمان ئەو ڕەئیسییەی کە ئێستا هەست بەوە دەکات کەسێکی ئازیزی بەدەست داوە. زۆر نەبوو بەر لەئێستا بۆ خۆی سەردانی کرا لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاوە، بەگەرموگوڕییەوە پێشوازی لێی کرد و گرێبەستێکی کرد کە هاوکار بن لەدژی “تیرۆرستان”ـدا (واتە گەلی کورد بەتایبەتی).
هەروەها، ڕاوێژکاری ئێستای ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، جێک سوڵیڤان، لە تویتێکیدا وتی کە مەرگی ژینا “چاوپۆشیلێنەکراو”.
هەمان ئەو ئەمریکایییانەی دوێنێ بوو کوردیان لە ڕۆژاڤا فرۆشت ئێستە نیگەرانن! تاکە شتێک ئەمریکایییەکان بەڕاستی نیگەرانی بن بەرژەوندییەگەلە بێشەرم و تەنگەکانێتی، گەلی کورد دەبێت هەمیشە ئەوەیان لەبیر بێت.
لە جەرگبڕییەکەوە بۆ جەژنێک
لەپاش مەرگی ژینا، هەزاران کەس ئامادەی پرسەکەی بوون. بە ئامادەبوونێکی چڕ و خەباتگێڕی ژنانی چینی کرێکار. و کاتێک وا دەردەکەوت کە هیچ هیوایەک نییە، کاتێک وەکوو وتەکەی دایکی ژینا دەچوو “کچەکەمیانیان کوشت و نابێت هیچیش بڵێین”، لەنێو هەموو ئەو هەوری ناهومێدییەوە تیرۆژی بزووتنەوەیەکی جەماوەری دەستی بە هەڵات کرد.
خەڵکی، پیر، لاو، ژن و پیاو دەستیان کرد بە وتنەوەی گۆرانیی شۆڕشگێڕی کوردی، و دەستیان کرد بە هاوارکردن بە دروشمی جوانی (ژن، ژیان، ئازادی). ئەوان جەرگبڕیی کپبوون بە هۆڤیگەرییەکانیان چەرخان بۆ جەژنێکی گەورەی دروشم و خۆپیشاندانە قارەمانەکانیانەوە.
و بزووتنەوەکەش دەستی کرد بە پێشەوەچوون بە هەنگاوەگەلێک زەبەلاح و زیاد دەبوو لە خەباتگێڕی، فراوانی و قووڵاییدا.
مانگرتنێکی گشتی
بانگەوازێک کرا لە بۆ مانگرتنێکی گشتی لە تەواوی ناوچەی کوردستان (ناوجە کوردییەکانی ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا). مانگرتنەکە ئێستا لە ناوچە ئێرانییەکان دەستی پێ کردووە، و بەتەواوی سەرکەوتوو بوو. دووکانەکان داخراون، خیابان چۆڵن و کرێکاران ناچن بۆ کار.
ئەمە پەرەسەندنێک زۆر گرنگە. وەکوو ئەوەی لێنین وتی، “هەموو مانگرتنێک بیرۆکە کۆمەڵاگرییەکان زۆر بەزۆر دەهێنێتە مێشکی کرێکار. بیرۆکەگەلەی خەباتی سەرجەمی چینی کرێکار بۆ ڕزگاریبوون لە زۆرداریی سەرمایە”. مانگرتن وا لە کرێکاران دەکات تێبگەن لەوەی کە ئەوانن هێزی بزوێنەری کۆمەڵگا. و ئەگەر ئەوان لە کار بوەستن ئەوە تەواوی کۆمەڵگا دەوەستێت. مانگرتن بەرهەستانە دەری دەخات کە چینی دەسەڵاتدار و نوێنەرانی تەنها مشەخۆڕن و ئەوەشی سامان بەرهەم دەهێنێت و بارهەڵگر و کاروانە دەجووڵێنێت کرێکارانن. هەروەها پرسی دەسەڵاتیش دەخاتە سەر نەخشەی کار. کێ سەردارە لێرە؟
لە هەمان کاتدا، بەس نییە، بۆ خۆی، بۆ دەستداگرتن بەسەر دەسەڵات. پێویستییەکەی هەیە لە بۆ ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕ کە بتوانێت ڕیزەکانی کرێکاران ڕێک بخات و ڕابەرایەتییان بکات بۆ دەستکەوتنی پشتیوانیی باقی خەڵکی ڕەنجدەر بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ڕامیاری. ئەگەر ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕ هەبووایە، بەڕاستی لە چاوی جەماوەراندا باوەڕپێکراو چەسپاو بێت، ئەم مانگرتنە هاوکاتانە لە هەموو شارە گەورەکاندا ڕووی دەدا. دەبووایە هەموو کرێکارانی ناوچەکەی بانگگەشت بکردایە، بەتایبەتی لە ئێران و تورکیا، بۆ باشدار بوون لە خەبات دژی چینی کرێکار کە نەک تەنها زۆرداری بەسەر کورددا دەکات بەڵکوو لەسەر ئەوانیش. ئەوە دەبووە گورزێکی کوشندە لە بۆ سیستەمەکە.
نامرێ ئاگر!
پریشکەکەی ژینا مەشخەڵێک هەڵگیرسان ئاگرەکەی هەرگیز نامرێت، مەشخەڵی شۆڕش. سا ئەگەریش بزووتنەوەکەی ئێستا کاڵ ببێتەوە، وانەکانی بێهوودە ناچن، بەڵکوو لەلایەن هەزاران ئەگەر ملیۆنان نەبێت لە ڕەنجدەران لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
ئەم بزووتنەوەیە هەر ئێستا چەندین وانەگەلەی بەبەهای فێر کردین. یەکەمینیان ئەوەی کە سیستەمی سەرمایەداری سێودوو ناکات لە کوشتنی ئەم ژنە بێتاوانەی کە هیچی نەکردووە تا شایستەی ئەوە بێت تەنها لەبەر بەرژەوندییە بێشەرم و تەنگەکانی خۆی. ئەگەر سەرمایەداران سێودوویان نەکرد لە کوشتنی ئەو، لە بۆ چی بیر بکەنەوە لە ژماردن تاوەکوو دە پێش ئەوەی تەقە لە کرێکارن و خۆپیشاندەران بکەن؟
فێرمانی کرد کە ئێمە دەتوانیین تەنها باوەڕ بە هێزی خۆمان بکەین. نە لیبڕاڵییەکان، نە هێزە ئمپریالییەکان و نە هیچ کەسێک جگە لە جەماوەری ڕەنجدەران خەڵک نەبێت، بەرژەوندییەکی ڕاستەقینەی هەبێت لە بنبڕکردنی زۆرداری و نادادپەروەری و ویست و توانای ئەو کارەی هەیە.
ئەم بزووتنەوەیە هەروەها فێرمانی کرد کە باشترین ڕێگەی خەبات، خەباتی شۆڕشگێڕی جەماوەرانە، مانگرتنی گشتییە، ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕییە. لەگەڵ ئەو پێویستییەی بانگەشەکردنی هاوەڵەکانمان، کرێکاران و ڕەنجدەرانی ناوچەکە، عەرەب، تورک و ئێرانییەکان، بۆ ئەنجامدانی خەباتێکی هاوبەش لەدژی ڕژێمە زۆردارە سەرمایەدارەکاندا کە زۆرلێکاری هەموومان دەکات.
چینی کرێکار لە سەرانسەری جیهان هەمان بەرژەوندی هەیە. هیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوەدا بکات کە کورد زۆرلێکراوە لەلایەن ئمپریالیزم و ڕژێمە زاڵەکانی ناوچەکەدا (ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا)، بەڵام ئەوانە لە تاکە پێکهاتەیەک یەکگرتوو دروست نەکراون. چ لەناو ئەو وڵاتانەدا بێت چ لەنێو کورد بۆ خۆی، چینەگەلێکی جیاواز هەن بە بەرژەوندییەگەلێکی دژبەیەک. جەماوەرانی کورد پێویستیان بە بەرنامەیەکە لەسەر بنەماگەلێکی چینایەتی دانرابێت و کارکردن بۆ ئاراستەکردنی بانگەوازی برایەتی لە بۆ کرێکاران و گەنجانی ئەو وڵاتانە. بەو شێوەیە، دەتوانیین شۆڕشێک پێک بهێنین توانای ڕووخاندی سەرمایەداری هەبێت لە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێویستە هەمیشە دروشمە مەزنەکەی “کرێکارانی سەرانسەری جیهان یەک بگرن!” هەڵ بگرین.
پەژموردەبوونی ژینا وانەیەیکی فێر کردین کە دەبووایە لەمێژدا فێری ببووینایە، ئەوەی کە هەموو چینە دەسەڵاتدارەکان هەمان بەرژەوندییان هەیە، تاکە کەسانی ئازا و قارەمان لەگەڵماندا وەستان چینی کرێکار بوو. وەکوو لە ڤیدیۆگەلەی سەرەوەدا دەبینیین، هەزاران کەسی سادە بێترسانە دەچن بۆ ڕووبەڕووبوونی کۆماری ئیسلامی. ئەم بوێرییەیە ڕێی خەباتمان.
ئێستا پێویستە ئێمە پاشەکشە نەکەین لەوەی دەستمان پێ کرد. ئەگەر بوەستین، ئەوە دەرەنجاماکەن تۆقێنەر دەبن. چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەتەکەی دووبارە دەستپێشخەری بەدەست دەهێننەوە و دڕندانە بزووتنەوەکە سەرکوت دەکەن تا دڵنیا بن کە دووبارە نابێتەوە. لە بۆ هەموو ئەو کرێکارانی تێگیر لەم بزووتنەوەیەدا، مەیکەن پاشەکشە! ئێەوە هەر لەئێستاوە سەربەرزیی وسکتنەبوون لە بەرانبەری زۆرداریتان بردەتەوە. ئێوە بەوشە بەردێکتان فڕێدایە دەموچاوی ڕژێم. ئێستا دەبێت بەردەوام بین.
وەلێ ئێمە هەڵە دەبین ئەگەر ئەم بزووتنەوەیەمان، بەتەنها و لە بۆ خۆیەوە، بۆ یەکجار ڕژێمی ئێرانی دەڕووخێنێت. جەماوەرانی کورد تازە دەستیان کردووە بە جووڵاندن و پێویستیان بە ڕابەرایەتییەکی مارکسیخواز دەبێت تا ڕێنوێنییان بکات. تاکتیکەکانیان پێنەگەیشتووە، بەبێ ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕ، ئەم بزووتنەوەیە وەکوو وتەکەی ترۆتسکی لێ دێت “بەبێ ڕێکخراوێکی بەڕێبەر، وزەی جەماوەران وەکوو هەڵمێک کە لەنێو قوتوویەکی پستۆنێکدا دانەخرابێت، پرشوبڵاو دەبێتەوە. وەلێ سەرەڕای ئەوەش ئەوەی شتەکان دەجوڵێنێت نە پستۆن و نە قوتووەکەیە، بەڵکوو، هەڵمەکەیە”.
ئێمە نابێت ڕێ بەوە بدەین ئەو خەبات و خۆبەختکردنانە بەزاح بچن. ئێمە نابێت ڕێ بدەین ئەو تاوانە بێسزا بچێت. بۆیە، دەبێت ڕابەرایەتییەکی شۆڕشگێڕ پێک بهێنین، کە ڕابەرایەتی کرێکارانی ناوچەکە دەکات لە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە سەرمایەدارە خوێناوییە دیکتاتۆرییەکان و فیدراسیۆنێکی کۆلاگر بینا دەکات کە تێیدا گەلی کورد مافی تەواوی خۆیان دەبێت لە نیشتیمانێکی سەربەخۆ، ئازاد و پڕگەشە.