الرئيسية / بەشی کوردی / نێونەتەوەیی / دە ساڵ پاش مانگرتنی ٢٠١٢ـی خوێندکارانی کیوبێک

دە ساڵ پاش مانگرتنی ٢٠١٢ـی خوێندکارانی کیوبێک

ئەمساڵ دەیەمین ساڵیادی “بەهاری بەڵاڵووک” دەگێڕین، کە نوێنەرایەتیی گەورەترین بزووتنەوەی جەماوەری لە مێژووی کیوبێک دەکات. ئەم مانگرتنەی خوێندکاران سەدان هەزار خوێندکاری کۆ کردەوە لەپێش ئەوەی ببێتە بزووتنەوەیەکی فراوانتر، کە حکوومەتە ڕق لێبووەکەی جۆن چارێست (Jean Charest) داڕووخاند. ئەم نموونەیە لە پێچەوانەیەکی ڕەبەق لە دۆخە خەماوییەکەی بزووتنەوەی خوێندکاران لە ساڵانی ڕابردوودا وەستاوە.

لە کاتێکدا کە دەنگەکانی مانگرتن لە کەمپەسە جیاوازەکانی کیوبێکدا هەڵدەکشێنەوە، گرنگە بگەڕێینەوە بۆ نەریتە خەباگێڕ و شۆڕشگێڕەکانی بزووتنەوەی خوێندکارانی کیوبێک. بۆ ئەوەی لە خەباتەکانی داهاتوودا براوە بن، پێویستە چالاکەوانی خوێندکاری مێژووی بەهاری بەڵاڵووک بخوێننەوە، و لێی فێر ببن.

ساڵانی ٢٠١٠: لێگرتنەوە و خەباتی چینایەتی

بۆ تێگەیشتن لە مانگرتنی خوێندکارانی ساڵی ٢٠١٢، پێویستە بیخەینە نێو چوارچێوەیەکەوە. بزووتنەوەی ساڵی ٢٠١٢ لە قۆناغێکی دژواریدا ڕووی دا. هەر لە پێش ساڵی ٢٠١٢ حکوومەتەکانی لوسیەن باوچارد ( Lucien Bouchard)، بێرنارد لاندری (Bernard Landry) و پاشان جۆن چارێست بڕینەگەلێکی توندیان لە خزمەتگوزارییە گشتیەکاندا سەپاندبوو. چین سەرمایەداری کیوبێک بۆ ساڵانێک ئابوورییە دواکەوتووەکەیان بینیبوو، و ویستیان کیوبێک “ڕکابەرانە”ـتر بکەن لەسەر شانۆی جیهان. ئەم خواستەی چینی دەسەڵاتدار خرایە سەر لێنووس لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن لوسیەن باوچارد و کەسایەتییەگەلێکی دیکەوە لە ڕاگەیاندننامەی ڕاستەقینە بۆ دژواریدا بە ناوی Pour un Québec lucide (لە بۆ بینایییەک چاوڕوونانە لە کیوبێک). تێیدا، داوای کەمکردنەوەی قەرزی گشتی و هەڵگرتنی چەسپاندن بەسەر کرێی خوێندندا کرد.

پاشان بازاڕکزیی گەورەی جیهانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ هاتە ئاراوە، کە خراپترین قەیرانی سەرمایەداری بوو لەدوای بەربوونەوەی ساڵی ١٩٢٩. ئەم قەیرانە کێشەکانی سەرمایەداری کیوبێکی خراپتر کرد. حکوومەتی کیوبێک قەرزار بوو، ئابوورییەکەش بازاڕخەوتوو بووبوو. سەرۆکەکانی کیوبێک بڕیاردار بوون کە لیستەی پارەدانی قەیرانەکە بگوازنەوە کرێکاران. ڕیمۆند باچاند (Raymond Bachand)، وەزیری دارایی لە سەردەمی حکوومەتی لیبراڵەکانی جۆن چارێستدا داوای کرد “شۆڕشی فەرهەنگی” ئەنجام بدرێت و وتی کە پێویستە خەڵکی ڕابێن کە پارەی زیاتر بدەن بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان. کرێی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی گشتی بەرز کرایەوە. سەرمایەداریی کیوبێک چیتر توانای پێشکەشکردنی ئەوەندە خزمەتگوزاریی گشتی بۆ کرێکاران و خەڵکی هەژار نەمابوو.

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، حکوومەتی چارێست سەرکەوتوو بووبوو لە پاڵنانی گرێبەستێکی کرمۆڵ بە قوڕگی بەرەی هاوبەشی سەندیکاکانی خزمەتگوزاریی گشتی. لەپاش ئەمە ئامانجەکەی خوێندکاران بوو. کرێی خوێندن لە کیوبێک کەمترینە لە ئەمریکای باکوور و ئەمەش پتر وا بوو لەو کاتەدا، کاتێک بەسترابووەوە بە ٢٥١٩ دۆلار لە ساڵێکدا. ئەمەش بۆ چینی دەسەڵاتدار بەرگەنەگیراو بوو. حکوومەتی چارێست پێشتر جارێک لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا هەوڵی دابوو هێرش بخاتە سەر بزووتنەوەی خوێندکاران، وەلێ بزووتنەوەکە پاش مانگرتنی شەش هەفتە ناچاری کرد پاشەکشە بکات. ڕۆحە شەڕکەر ئەفسانەیییەکەی بزووتنەوەی خوێندکارانی کیوبێک هۆکاری کەمی کرێی خوێندن بوو، چونکوو لە ساڵانی ١٩٦٨ و ١٩٧٤ و ١٩٧٨ و ١٩٨٦ و ١٩٨٨ و ١٩٩٠ و ١٩٩٦دا مانگرتنەگەلێکی گەورەی ئەنجام دابوو.

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا حکوومەتی چارێست (وێنەگراو) سەرکەوتوو بوو لە پاڵنانی گرێبەستێکی کرمۆڵ بە قوڕگی کرێکارانی کەرتی گشتی. دواتر هاتە سەر خوێندکاران، بە هەوڵی بەرزکردنەوەی کرێی خوێندن لە ساڵی ٢٠١١ / وێنە: Letartean

پاشان لە ساڵی ٢٠١١ـدا، حکوومەتی چارێست زیادبوونەوەیەکی ڕایگەیاند لە کرێی خوێندنی ساڵانەی زانکۆکانی بە بڕی ١٦٢٥ دۆلار لە ماوەی پێنج ساڵدا، زیادکردنەوەیەک بە ڕێژەی ٧٥%. چارێست بە دووڕووانە داوای لە خوێندکاران کرد کە “juste part” (“بەشی دادپەروەرانە”)ـی خۆیان بدەن. بەم کارە، توڕەیییەکی بەر دا کە چاوەڕوانی نەبوو. لە شەقامەکاندا خوێندکاران دەستیان کرد بە هاوارکردن “Charest: juste… pars!” (“چارێست: تەنها… بڕۆ!”).

هەر لەئێستادا، هەسارەکە دەلەرزی بەهۆی ڕاپەڕین و بزووتنەوەی جەماوەرییەکانەوە. هەڵچوونەکانی جی‌٢٠ لە ساڵی ٢٠١٠ لە تۆرۆنتۆ، داگیرکردنی وۆڵ ستریت، ئیندیگنادۆس (Indignados) لە سپانیا، بزووتنەوەی خوێندکاری چیلی لە ساڵی ٢٠١١، بەهاری عەرەبی (شۆڕشەگەلەی جیهانی عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١)، هتد.لاوان، کە لە سەردەمی قەیرانی سەرمایەداریدا هاتنە پێ گەیشتن، بینییان کە ئەم سیستەمە هیچ شتێکی باشی نییە پێشکەشیان بکات. ئەوان لەدژی لێگرتنەوە، بێکاری و نایەکسانێتی، وڵات دوای وڵات، سەرهەڵدەدەن. هەر لەم چوارچێوەی ڕاپەڕینی گەنجانی جیهانیدایە کە دەبێت لە ساڵی ٢٠١٢ تێبگەین.

ئەم پەیوەندێتییەی لەنێوان بزووتنەوەی خوێندکاری کیوبێک و خەباتە فراوانترەکەی گەنجان لەدژی سیستەمەکە تێگەیشتراو بوو لەو کاتەدا. لە ڕۆژنامەی L’Ultimatum، ڕۆژنامەی Association pour une solidarité syndicale étudiante (ASSÉ) (کۆڕی هاودەنگی سەندیکای خوێندکاران)، گابرێل نادۆ-دوبۆیس (Gabriel Nadeau-Dubois)، کە ئێستا ئەندامێکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانی پارتی چەپی سۆلیدێری کیوبێک (Québec solidaire)، لە ئابی ٢٠١١ نووسیی: “لە سەرانسەری جیهان، لە سپانیا ، لە ئیتالیا، لە یۆنان، لە پورتوگال، لە بەریتانیا، لە سووریا، لە میسر یان تونس، خەڵکی ڕادەپەڕن بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی هین خۆیان…. پاش بەهاری عەرەبی، ئایە ئێمە بیناری بەهارێکی کیوبێکی دەبین؟” پاشان بەردەوام بوو و وتی “وەڵامی ASSÉ ڕوون: پێویستە وا ببین. ئەم سیمەستەرە بە سازدانێکی بەرفراوان لە هەموو کەمپەسەکانی کیوبێک دەست پێ دەکات…. زۆرتر و پتر دەبیستین، لە داڵانەکانی کۆلێژ و زانکۆکاندا، چرپەیەک، وەک دەنگۆیەک، سێ پیت، هەمیشە هەمان سێ پیت: GGI. ئەم دەنگۆیە، لە بەهاری ڕابردووەوە، پتر و زۆرتر بێپسانەوە بووەتەوە. GGI: مانگرتنی بێسنووری گشتی (Grève Générale Illimitée)… بە لەبەرچاوگرتنی ئەندازەی ئەم تێخوڕینە، ناکرێت ڕێگە بە هیچ دوودڵییەک بدرێت. پێویستە هەر لەئێستاوە، بە هێژمارێک زۆر و بە ویستێکی پتەوەوە خۆمان ساز بەخۆماندا بدەین. ئەوە پێبەندە بە ئێمەوە”.

حکوومەتە سەرمایەدارەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەوڵیان دەدا لیستەی پارەدانی قەیرانی ئابووری بگوازنەوە بۆ کرێکاران، بۆ هەژاران، بۆ گەنجان. وەڵامەکەی خوێندکارانی کیوبێک “نەخێر!”ـێکی زرینگەدار بوو.

پێویستیی ڕابەرایەتی

تاوەکوو تێ بگەین کە چۆن کاردانەوەیەکی وەها بەهێز لەتوانادا بوو، دەبێت لە ڕۆڵی ڕابەرایەتی بڕوانیین. ڕابەرایەتیی خوێندکاری ئەو سەردەمە لە بیرۆکە و ڕیتۆریکەکانیدا بوێرانە بوو، و ڕێک خرابوو. شتێکی ڕوون بوو کە خەباتەکە لە پرسی کرێی خوێندن و تەنانەت خوێندنی بێبەرانبەریش کە یەکێک بوو لە داخوازییە ناوەندییەکانی بزووتنەوەکە تێ دەپەڕی. لە ڕاستیدا، شتێکی ڕوون بوو کە بزووتنەوەکە دژی هەموو سیستەمەکە بوو، دژی سەرمایەداران و پلانە لێگرتنەوەیییەکان بوو. ASSÉ، پێشدار مانگرتنەکەی ساڵی ٢٠١٢، وابێژی ئەوەی کرد کە دەیەوێت “دژهێزێکی ڕاستەقینە بۆ دەوڵەتی سەرمایەداری و ئەو لابییە دارایییانە دروست بکات کە پێگە تازیاریدارەکانی خۆیان بەکار دەهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنێکی نایاسایییانەی بڕیارە ڕامیارییەکان.”

بەم شێوەیە نادۆ-دوبۆیس، وتەبێژی ئەوکاتی ASSÉ، گرێوەکانی ڕوون کردەوە:

چونکە با لەبیرمان نەچێت؛ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کرێی خوێندن بەرز بکەنەوە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت خزمەتگوزارییە گشتیەکان ببڕن، ئەو کەسانەی دەیانەوێت چاودێریی تەندروستی بە تایبەت بکەن، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ڕێساکانی حکوومەت بەسەر ژینگەدا کەم بکەنەوە، تەنانەت هەڵشی بوەشێننەوە، ئەو کەسانەی کە سووکایەتی دەکەن بە مافەکانی ژنان، مافەکانی سەرەتانشینان، مافەکانی هەموو کەمینەکان، ئەو کەسانەی کە دەیان ساڵە جەخت دەکەن بۆ سەرکوتکردنی مافی جڤاتدانانی کرێکاران، هەموو ئەو کەسانە یەکن.

ئەو کەسانە لە ژمارەیاندا کەمن، ئەو کەسانە هەموو شتێکیان کۆنترۆڵ کردووە و هەمیشە دەیانەوێت زیاتر کۆنترۆڵ بکەن، ئەو کەسانە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، ئەو کەسانە پرۆژەیەکی ڕامیاریی هاوبەشیان هەیە. سەردەمێک هەبوو لە کیوبێک، لە کەنەدا، ئەوەندە زۆر لەمەوپێش نەبوو، کە کەمینەیەکی وەک ئەوە کۆنترۆڵی دامەزراوە ڕامیاری و ئابوورییەکانی وڵاتێک دەکرد، کە بەرژەوەندییان هاوبەشە، ئەوەندە زۆر لەمەوپێش نەبوو ئێمە ئەوەمان بە چین ناو دەبرد، و پێویستە ترس لا بدەین لە وشەکان. ئێمە پێویستە ئەو کەسانە بە ناوی خۆیان بانگ بکەین؛ ئەو کەسانە چینی باڵادەستن، ئەو کەسانە بۆرژوازین. خەبات دژی بەرزکردنەوەی کرێی خوێندن، خەباتی خەڵکی ڕقهەستاو لە سەرانسەری جیهان، پێویستە بە ناوەکەی خۆیەوە بانگ بکرێت. خەباتێکی چینایەتی. خەباتێکی کەمینە […] خاوەندارەکان دژی زۆرینە کە هیچیان نییە. کەمینەیەکی نەوسن و هەرزە، کەمینەیەک کە ژیان وەکوو تەنها دەرفەتێکی بازرگانی دەبینێت، دارێک وەکوو تەنها کەرەستەی خاو و منداڵێکیش وەک تەنها کارمەندێکی داهاتوو سەیر دەکات. […] ئێمە کاتێک ناڕەزایەتی دەردەبڕین لە بەرزکردنەوەی کرێی خوێندن، ناڕەزایەتیمان بەرانبەر بەمەش دەردەبڕین”.

گابرێلی لاو زۆر شتی هەیە تا فێری خودی بەتەمەنتری بکات.

ئەم توانایەی بەستنەوەی پرسە دەستبەجێیییەکانی مانگرتنەکە بە بەرنامەیەکی ڕادیکالی فراوانتری خەبات دژی سیستەمی سەرمایەداری، دەوڵەتەکەی و ڕامیارییەکی، هێزێکی گەورەی بزووتنەوەی خوێندکاری ئەو سەردەمە بوو. لەکاتی شەڕکردنی هێرشێکی بەرەیی کە ئاکامی دەستبەجێی بۆ سەدان هەزار خوێندکاری زانکۆ هەبوو، خوێندکاران هەر زوو بۆیان دەر کەوت کە ئەوان بەشێکن لە خەباتێکی زۆر گەورەتر، و ئەمەش ویستی سەربزێوکردنی توندوتیژیی پۆلیس، مەترسی دەستگیرکردن و بوختانەکانی میدیای پێیان بەخشی.

بەڵام ڕابەرەکانی خوێندکاران بە هەمان شێوە لەوە تێ گەیشتن کە ناتوانن بە بەڵگەنەویستی دا بنێن کە خوێندکاران خۆکارانە ڕازی دەبن بە بیرۆکەکانیاندا. هەندێک جار سووکایەتییەک هەیە بە ڕابەرایەتی لە چەپدا- و بەتایبەتی لە بزووتنەوەی خوێندکاراندا. ڕابەرایەتی خۆماکییانە گومانبارە، وەک دەسەڵاتخواز سەیر دەکرێت، کە قەدەغە بکرێت. بەڵام هەموو ڕێکخراوێک بەپێویستییانە ڕابەرایەتییەکی هەیە. هەموو کەسێک وتاردانی پێ ناکرێت و نایکات لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا. کەسانێک هەن دەستپێشخەری و بیرۆکەیان هەیە، و کەسانێکی دیکەش مینای بیرۆکە دەکەن. ڕێکخراوێک کە ڕەتی بکاتەوە ڕابەرایەتییەکی فەرمی هەڵبژێردراوی هەبێت، بەناچاری لەلایەن ڕابەرە نافەرمییە هەڵنەبژێردراوەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێت. لە ٢٠١١ـدا کەمینەیەک خەڵک (بە ڕاست، زۆرجار ئەنارکیست) بیرۆکەی مانگرتنێکیان بۆ هات و پلانێکیان داڕشت تاوەکوو وای لێ بکەن ڕوو بدات. بۆیە کۆڵمیان هەڵ کرد، و کاریان کرد تاوەکوو زۆرینەی خوێندکاران ڕازی بکەن بە بەشداریکردن. ڕۆڵێکی نایابیان ڕابەرایەتییان گێڕا.

لە ئازاری ٢٠١١، حکوومەتی چارێست زیادکردنی کرێی خوێندنی بە بڕی ١٦٢٥ دۆلار ڕاگەیاند. ڕابەرەکانی ASSÉ کە لەو کاتەدا نزیکەی ٤٠ هەزار خوێندکاری لە دەیان سەندیکای خوێندکارانی لەخۆ گرتبوو، وەڵامیان دایەوە بە ئامادەکاری بۆ مانگرتن. لە کۆتایییەکانی ٢٠١١ چەندین کۆمەڵەی خوێندکاران بە شێوەیەکی کاتی پەیوەندییان پێیانەوە کرد و هاوپەیمانی فراوانی ١٠٠ هەزار ئەندامیی ASSÉ (CLASSE)ـیان پێک هێنا. بەدرێژاییی ٢٠١١ـدا ئەم چالاکەوانانە لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکی دیکە لە زانکۆ و CEGEP (کۆلێژە حکومییەکان)ـەکاندا دەڕۆیشتن بۆ شیکردنەوەی مانگرتنەکە و پرسەکانی، نامیلکە و بڵاونامەیان دابەش دەکرد و هەروەها ڕۆژنامەکەیان L’Ultimatum، لە کۆبوونەوەی خوێندکاراندا وتاریان دەگوت، خۆپیشاندانیان ڕێک دەخست و هتد. ئەوان زیادکردنی کرێی خوێندن و هەروەها لێگرتنەوەی گشتییان تاوانبار کرد و بە سەبرەوە هاوکارەکانیان بە پێویستی مانگرتنەکە قایل کرد.

بەدرێژاییی مانگەکانی شوبات و ئازار، لە زانکۆکان و CEGEPـەکاندا دەنگی مانگرتن بەڕێوە دەچوو. ئەمانە لە سەرەتادا لەلایەن سەندیکاکانی خوێندکارانەوە ڕابەرایەتی دەکران کە سەر بە CLASSEـی ڕادیکاڵتر بوون، بەڵام پەیوەستییان پێ کرا لەلایەن (Fédération étudiante universitaire du Québec) فیدراسیۆنی خوێندکارانی زانکۆی کیوبێک (FEUQ) و (Fédération étudiante collégiale du Québec) فیدراسیۆنی خوێندکارانی کۆلێژی کیۆبێک (FECQ)، و هەروەها لەلایەن (Table de concertation étudiante du Québec) مێزی دەوریی خوێندکاری کیۆبێک (TaCEQ)ـی بچووکتریشەوە. CLASSE نوێنەرایەتی باڵی چەپی بزووتنەوەكەی دەكرد، بە پێكهاتەگەلێکی دیموكراسی ڕاستەوخۆ و نەریتی بەرەنگاربوونەوەی سەندیكاگەری و ڕابەرایەتیی شەڕانگێز. FECQ و FEUQـی بیرۆکراتیتر و “میانڕەوتر” هەمیشە لە CLASSE دواکەوتبوون. لە ماوەی ٢٠١١ و تا سەرەتای مانگرتنەکە، نابەدڵی مانگرتن بوون، بەڵام ڕابەرەکانی FEUQ/FECQ نەیانتوانی وزەی ئەندامانی سادە لەخۆ بگرن، کە پاڵیان پێیانەوە دا بۆ مانگرتن لەژێر پاڵنەری CLASSEـدا.

بزووتنەوەکە بەخێرایی کەڵەکە بوو لە ساڵی ٢٠١٢ـدا، لە ٢٧ـی شوباتدا ٦٥ هەزار خوێندکار مانیان گرت. تا ٥ـی ئازار گەیشتبووە ١٢٣ هەزار کەس. لە لوتکەدا، لە ٢٢ـی ئازاردا، لە کۆی ٤٠٠ هەزار خوێندکاری پاشئامادەییی کیوبێک ٣٠٠ هەزار خوێندکاری مانیان گرتبوو. هەندێک لە قوتابخانە ئامادەییەکان تەنانەت بۆ ماوەی ڕۆژێکیش پەیوەندییان بە مانگرتنەکەوە کرد لە بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە زەبەلاحەکەی ٢٢ـی ئازار، کە لە ناوەندی شاری مۆنتریاڵ لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هەزار کەس کۆ کردەوە. ئەم گردبوونەوە زەبەلاحە هێزی بەکۆمەڵی خوێندکاران و جەماوەران بەگشتی بۆ هەمووان- و لە سەرووی هەمووشیانەوە خودی خوێندکاران- نیشان دا.

بەڵام، پێکەنیناوی دەبێت بیخەینە بەرچاومان کە ڕابەرەکانی CLASSE توانییان تەنها بە کاری ڕاستەوخۆیان لەسەر زەوی ٣٠٠ هەزار خوێندکار هەڵ بسێنن. لەگرە، پێویستە تێ بگەین لە پەیوەندی نێوان ڕابەرایەتی و خۆبەخۆیی. هەڵەیە نکۆڵی لە گرنگی خۆبەخۆییدا بکەین. شتێکی نەکردە بەسادەیی بڕیاری بزووتنەوەیەکی جەماوەری بدرێت. ویستی بەرانگاربوونەوە و توڕەیییەکی بەرفراوان پێویستە لەپێشتر بوونی هەبێت. بەم واتایە، گەرچی ئەوە CLASSE بوو کە مانگرتنەکەی ٢٠١٢ـی ڕێک خست، وەلێ ئەوە جۆن چارێست بوو دەستی پێ کرد. زیادکردنە زۆردارییەکانی بۆ کرێی خوێندن وەکوو فڕێدانی شقارتەیەک وا بوو بەسەر گۆمێک لە بەنزینی گەنجانێک کە تەنها چاوەڕوانی ئەوە بوون ورووژاندن بکرێن بەرەو کردار.

هەرچەن بزووتنەوە جەماوەرییەکان دەکرێت خۆبەخۆ سەر هەڵبدەن، بۆ ئەوەی پترتر ببن لە پریسکەیەک لە تاوەیەکدا و ببنە هۆکاری سەرکەوتن، پێویستە ڕێک بخرێن. شۆڕشگێڕ لیۆن ترۆتسکی بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە: “بەبێ ڕێکخراوێکی بەڕێبەر، وزەی جەماوەران وەکوو هەڵمێک کە لەنێو قوتوویەکی پستۆنێکدا دانەخرابێت، پرشوبڵاو دەبێتەوە. وەلێ سەرەڕای ئەوەش ئەوەی شتەکان دەجوڵێنێت نە پستۆن و نە قوتووەکەیە، بەڵکوو، هەڵمەکەیە”.

مانگرتنەکەی ٢٠١٢ بیناری لێشاوێک بوو لەو داهێنان و دەستپێشخەرییانەی بەدەگمەن هاوشێوەیانمان بەرچاو دەکەوێت. جا تاکتیکەکانی مانپێگرتن بووبێت، چ دروستکراوە هونەرییەکان، خۆپیشاندانەگەلە جۆراوجۆرەکان (کێ هەیە خۆپیشاندانە ڕووتەکانی لەبیر نەبێت؟)، هەموو شتێک بینرا و سەدان هەزار کەس نیشانەی خۆیان خستە سەر بزووتنەوەکەدا. بەڵام پێویستی بە ئامادەکاری و ڕێکخستن بوو بۆ گەیشتن بەوە. ئەوە ئەو ڕۆڵەیە کە ڕابەرەکانی خوێندکاران و بەتایبەتی CLASSE گێڕایان. لەڕێی ڕابەرایەتییەکەیانەوە، جێگەی بزووتنەوەیەکیان دروست کرد کە لە شەوێکدا هەزاران کەسی ڕامیاریکراوی ساز دا. بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێک ڕەنگە پێیان وا بێت، پرسەکە یان ڕابەرایەتی یان خۆبەخۆیی نییە. بەڵکوو، ڕابەرایەتییەکی باش هەلومەرجێک دەڕەخسێنێت بۆ جەماوەرانی خەڵکی تا ڕاستەوخۆ بزووتنەوەکە ببەنە دەستەکانی خۆیاندا.

دیموکراسیی ئەندامانی سادە

لە سەرەتادا، حکوومەت سەری خۆی خستە نێو خۆڵەوە و هەوڵی فەرامۆشکردنی بزووتنەوەکەی دا. ئامادە نەبوون چاویان بە ڕابەرەکانی خوێندکارەکان بکەوێت لە بۆ دانوستان. بەڵام بە تێپەڕبوونی هەفتەکاندا مانگرتنەکە بەپتەوی خۆڕاگر بوو. لەو نموونەگەلەی کە تەواوی دامەزراوەیەک مانیان گرتبوو، کۆمەڵەگەلەی خوێندکاران چەند هێڵی چاودێری مانگرتنیان ڕێک خست و دەرگاکانی زانکۆ یان کۆلێژەکەیان داخست. لەو دۆخانەی کە تەنها هەندێک کۆمەڵەی خوێندکاران دەنگیان دا بۆ مانگرتن، سکوادەکانی دەستەگەلەی مانڕێکخەری گەڕۆک ساز دەکران تاوەکوو بچن پۆلێک “هەڵ بگرن”، بەو واتایەی لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکی دیکە بچن و بڕیاری دیموکراسیی خوێندکارەکان جێبەجێ بکەن بە ڕێگریکردن لە بوونی پۆلەکە لەڕێی داخستنی دەرگاکە یان بە دەنگوهەرا گێڕانەوە.

هەفتە بە هەفتە دەنگەکانی مانگرتنەکە نوێ دەکرانەوە. لەگرە، تێگەیشتن لە ڕۆڵی دیموکراسیی خوێندکاری گرنگە. خوێندکاران کۆنترۆڵێکی دیموکراسییان بەسەر مانگرتنەکەیاندا هەبوو، لەڕێگەی کۆبوونەوە هەفتانەیییە گشتییەکانیانەوە. خوێندکاران وتووێژیان دەکرد لەسەر پرسی نوێکردنەوەی مانگرتنەکەدا، بەڵام هەروەها هەموو جۆرە پرس و پرسیارێکی پەیوەست بە مانگرتنەکە، هەڵوێستیان وەر دەگرت، پێسپاردن دەکران، لیژنەگەلەیان هەڵ دەبژارد و هتد. ئەم کۆبوونەوە گشتیانە، کە زۆرجار درێژ و وەڕەزکەر بوون، هەروەها هێزێکیش بوون بۆ بزووتنەوەکە، بەو پێیەی ڕێگەیان بە خوێندکاران دەدا کە خاوەندارێتیان هەبێت لە مانگرتنەکەیان.

راستە کە هەندێك لە كۆمەڵەی خوێندكاران بە شێوەیەكی كەم تا زۆر دیموكراست رێك خرابوون. بەتایبەتی CLASSE شانازی بە “دیموکراسییە ڕاستەوخۆ”کەی خۆیەوە دەکرد بەبەراورد بە پێکهاتە پتر بیرۆکراتییەکانی FECQ و FEUQ. مەبەستمان لێرە ئەوە نییە باس لە لایەنە باش و خراپەکانی شێوازە جیاوازەکانی ڕێکخستنی سەندیکای خوێندکاران بکەین. بەڵام ئەوەی پێویستە جەختی بەسەردا بکرێت ئەوەیە کە پێویستە کۆنترۆڵێکی دیموکراست بدرێتە خوێندکاران بەسەر مانگرتنەکەیاندا تاوەکوو خاوەندارێتی وەر بگرن و بە کۆمەڵ ساز ببن. هەروەها ئەم ئاکارە دیموکراتییە ڕێگەی دا داهێنەرێتییە بێئەندازەکەی خوێندکاران جێگیر بکرێت.

دەوڵەت

یەکێک لە وانە گرنگەکانی خوێندکارانی ساڵی ٢٠١٢ سروشتی دەوڵەت بوو. ئێمە هەر لە بچووکییەوە، ئەو ئەفسانەیەمان پێ دەدرێت کەوا ئێمە لە دیموکراسیدا دەژیین و دەوڵەت بێلایەنە، خزمەت بە خەڵک دەکات و هتد. بەڵام بۆ ئەو نەوەیەی خوێندکارانەی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٢ ژییان، ئەو وەهمانە بە داردەستەکانی پۆلیسەکان پارچەپارچە کران. دەوڵەت، دوور لە بێلایەنییەوە، لە خزمەتی دەوڵەمەند و دەسەڵاتداردایە.

ڕۆزا لۆکسمبۆرگ بێژیی: “ئەوانەی جووڵە ناکەن هەست بە پێوەندەکانیان ناکەن”. کاتێک بزووتنەوەی خوێندکاران دەستی پێ کرد، ئەم پێوەندەگەلە دەردەکەوتن. حکوومەت، کە تێ گەیشت ناتوانێت هەر بەسادەیی بزووتنەوەکە فەرامۆش بکات، پێلێکی سەرکوتکردنی دڕندەی بەر دا. لێدانی داردەست، نارنجۆکی بێهۆشکەر، سپرای بیبەر، و گازی فرمێسکڕێژ و تەقاندنی فیشەکی “ناکوشندە” بووە هۆی برینداربوونی بێشومار، کە زۆریان سەخت بوون. لە ٧ـی ئازاردا، پۆلیسی مۆنتریاڵ هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و خوێندکارێک بە ناوی فرانسیس گرێنیەریان بریندار کرد کە چاوێکی لەدەست دا.

ئەو هەشت مانگەی مانگرتنە دەرچەیەکی ڕاستەقینەی پۆلیس بوون، ڕادانێک لە دڕندایەتی و دەستگیرکردنەکانی پۆلیس. دادگاکان فەرواریان پووچەڵ کردەوە لە هەوڵدانێک بۆ ڕێگریکردن لە خوێندکاران لە ڕاپەڕاندنی بڕیارە دیموکراستەکەیان لە بۆ مانگرتن. لە هاویندا، پۆلیسی مۆنتریاڵ تەنانەت دەستی کرد بە دەستگیرکردن و پشکنینێکی هەڕەمەکییان بۆ ئەو کەسانەی چوارگۆشەی سووریان لەبەردا بوو، هێمای بزووتنەوەی خوێندکاران.

لەسەرووی هەمووییەوە بزووتنەوەی ٢٠١٢ خوێندکارانی فێر کرد دەربارەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی دەوڵەتی سەرمایەداری. ئەوان لە پێگەی وەرگرتنی سەرکوتییەکی دڕندانەدا بوون. خوێندکاران دەکرا تەنانەت بەهۆی لەبەرکردنی چوارگۆشەی سوور، هێمای ئایکۆنی بزووتنەوەکە دەستگیر بکرێبایان / وێنە: Chicoutimi

دەستگیرکردنەکان هێندە سیستماتیک بوون کە، لە پێناوی کاراییدا پۆلیس دەستی کرد بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران بە دازێنان و تەنانەت بە سەدەها. لەپێش هەر خۆپیشاندانێک دازێنانێک پاس بە کرێ دەگیران لە بۆ گواستنەوەی ئەو خوێندکارانەی کە دەبوو دەستگیر بکرێن. پۆلیس پەرەی دایە تەکنیکی بڕکردنی1: کۆمەڵێک پۆلیس چەکدار بە قەڵغان و داردەستەوە، هەندێکیان سواری ئەسپ بوون، هێرشیان دەکردە سەر خەڵکەکە، خۆپیشاندەرانیان دابەش دەکر و چەند دازێنێک خوێندکارانی گیرخوراویان گەمارۆ دەدا، کە کەلەپچە دەکرا و دەخرانە نێو پاسەکانەوە.

بەدرێژاییی خۆپیشاندانەکاندا، ئەفسەرانی پۆلیس هەزاران تاوانەیان دابەش کرد و ٣،٤٩٩ کەسیان دەستگیر کرد، فریاگوزاریش ١٧٤ جار وەڵامیان دایەوە. ئەمەش وای لێ کرد ببێتە گەورەترین دەستگیرکردنی جەماوەری لەکاتی ململانێیەک لە مێژووی کەنەدا.

ئەم مامەڵە دڕندانەیە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە بەدوای پاراستنی چۆنێتی و لەگەیشتنهاتووییی پەروەردەدا دەگەڕێن، لە پێچەوانەی ڕەبەقی ئەو ڕەزامەندی و دۆستایەتییەی پۆلیس مامەڵەی لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترێت “کاروانی ئازادی”2 کرد لەم زستاندا دەوەستێت. باوەڕپێنەکراوە کە چەند سەد خۆپیشاندەرێک توانییان بۆ هەفتەگەلێک ناوەکی ناوەندی شاری پایتەختی کەنەدا دەور بدەن و تەنانەت ڕێگری لە دانیشتنی پەرلەمانیش بکەن،بە وەڵامدانەوەیەکی چکۆلە لەلایەن پۆلیسەوە. بەڵام داواکارییەکانی كاروانەکە مەترسی نەبوو بەسەر بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار. بەپێچەوانەوە، چینی دەسەڵاتداریش هەروەها دەیویست کۆتایی بێنێت بە ڕێوشوێنەکانی تەندروستی و سەلامەتی، تاوەکوو بتوانن بچن و ئامێری قازانج دەست پێ بکەنەوە. ئەم بزووتنەوەیە ڕاستگەرە بەبێسەبرییەوە داخوازی ئەوەی کرد کە چینی دەسەڵاتدار بەئاگادارانەوە هەوڵی بۆ دەدا. سەرباری ئەوەش، بەشێکی زۆری هێزەکانی پۆلیس هاوسۆز بوون لەگەڵ بزووتنەوەکەدا. ئەمەش کاردانەوە خاوەکەی حکوومەت ڕاڤە دەکات، و ڕەزامەندیی پۆلیسیش. لە بەرانبەردا، خوێندکارەکان لە ٢٠١٢ـدا هەموو سیستەمی سەرمایەدارییان دەخستە مەترسییەوە. سەرمایەداران دەبووایە وایان لە کرێکاران و لاوانیان بکردایە پارەی قەیرانەکە بدەن. ڕادەستکردنێک لە بۆ خوێندکاران، چینی کرێکاری نیشان دەدا کە دەتوانرێت بەربەرەکانیی لێگرتنەوە بکرێت.

وتەبێژی CLASSE گابرێل نادۆ-دوبۆیس بە سووکایەتیکردن بە دادگا دەناسرایەوە بەهۆی ئەوەی هانی خوێندکارانی دەدا سەرپێچی لە فەرمانەکانی دژ بە ڕێگریکردن لە چوونە ناو پۆلەکان بکەن. ڕابەرەکانی سەندیکاکانی ئەمڕۆ دە یەکی ئەو ئازایەتییەیان نییە کە ڕابەرەکانی خوێندکاران ئەو کاتە هەیانبوو. سەرەڕای مەترسی برینداربوون، دەستگیرکردن و بەدواداچوون، خوێندکاران لە چێی خۆیان پتەو بوون و بەردەوام بوون لە ڕژانە سەر خیابان. ئازایەتییەکیان دۆزیەوە کە زۆرجار لە چەپ ئەمڕۆژانە نابینرێت. ئەوان بەئاگا هاتن لە هێزی بەکۆمەڵی خۆیان.

پلان نۆرد

لە کۆتاییی هەفتەی ٢٠ـی نیساندا، کۆنفرانسی پلان نۆرد لە ناوەندی کۆنگرە (Palais des Congrès) لە مۆنتریاڵ بەڕێوە دەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە ئامانجی ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بوو، لەنێویاندا کۆمپانیاکانی دەرهێنانی کاندا، لە بۆ ئەوەی خاکی باکووری کیوبێک بچەوسێننەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کیوبێک ناسراوە بە نزمییە گاڵتەجاڕانییەکەی لە داهاتانەکانی دەرهێنانی کاندا، ئەم پلان نۆردە یەکسان بوو بە فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکانی باکووری کیوبێک بە داشکاندن. سووخوتێ دوو کیوبێک Sûreté du Québec (هێزێکی پۆلیسی هەرێمی) هێنران لە بۆ بەهێزکردنی SPVM (پۆلیسی مۆنتریاڵ)، بە مەبەستی لەخۆگرتنی هەزاران خۆپیشاندەر لە دەرەوەدا، کە دروشمی “نەخێر بۆ دەرهێنانی کانی خۆڕایی! بەڵێ بۆ خوێندنی خۆڕایی”. (« Non à la gratuité minière! Oui à la gratuité scolaire! »)

لەدەرەوەی ناوەندی کۆنگرەدا ، جەماوەرەکان پۆلیسیان باڵدایە دواوە، و پۆلیسیش ڕەنجی دا تا ڕێگرییان لێ بکات بچە نێو بیناکەوە. هاوپەیمانانی خۆپیشاندەران کە جوانپۆش بوون تاکوو وەکوو بۆرژوازی دەربکەون، توانیان بێ ئەوەی گومان دروست بکەن، توانیان بچنە ناو بیناکە و دەرگا لاوەکییەکانیان کردەوە تاکوو ڕێ بدەنە جەماوەرەکە بچێتە ژوورەوە، زۆری نەخایاند، پۆلیس ناچار بوو پاشەکشە بکاتە ناو ناوەندی کۆنگرەکەدا و هێڵێکی بەرگری دابمەزرێنێتەوە لە لوتکەی پلیکانەکاندا کاتێک جەماوەرەکە هەوڵی سەرکەوتنیان دەدا.

لەناوەوە، جۆن چارێست، لەبەردەم ئامادەبووانێک لە خەڵکانی کۆمەڵگەی باڵای بەڕێزدا، دۆخەکەی بە پێکەنینی زانی: “کۆنفرانسی پلان نۆرد کە ئەمڕۆ بڕیارە بیکەینەوە، هەر لە ئێستاوە زۆر گەلییە؛ خەڵکی لە هەموو لاوە ڕادەکەن تاوەکوو بێنە ژوورێ […] لە بۆ ئەوانەی ئەمبەیان لە دەرگامانیان دا، دەکرێت کارێکیان پێشکەش بکەین- لە باکوور ئەگەر بتوانرێت.” دروشمی “چارێست دەرچۆ! لە باکوور کارێکت بۆ دەدۆزینەوە” (« Charest dehors! On va t’trouver une job dans l’nord! ») دەبێتە هەڵبژاردەی خۆپیشاندەران.

ئەم ڕووداوانە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان نیشان دا. بزووتنەوەکە دەستی کرد بە پێزانینی هێزی خۆی. بە شێوەیەکی ئاسایییانە، سەرمایەداران و حکوومەتەکانیان تێگڕای بڕیارە راستەقینەکانی لەدەربارەی چارەنووسی ئێمە، و چارەنووسی ئابووری و خاکدا، لەپشت دەرگای داخراوەوە دەدەن. وەلێ جەماوەران هاتبوونە نێو گۆڕەپانی مێژوو و خەریکی تێکدانی پلانەکانی بۆرژوازییەکان بوون. خۆپیشاندەران لە چەندین بۆنەدا سەرکەوتوو بوون لە پاڵپێدانی پۆلیس بۆ دواوە. وێنەیەکی بەناوبانگی ئەو کۆتاییی هەفتەیەدا دەستەیەک ئەفسەری پۆلیسی تۆقیو نیشان دەدات لە جەماوەری تووڕەدا ڕادەکەن.

لە خۆپیشاندانەکانی پلان نۆرد چەند کەسێک بریندار بوون کە ١٠ کەسیان ئەفسەری پۆلیس بوون. بەرد فڕێدرا و پەنجەرەکان دەشکێنران. لە کاردانەوەدا میدیا و سیاسەتمەدارانی خزمەت بە چینی دەسەڵاتدار ناڕەزایییەکیان لەسەر ئەو توندوتیژییە بەرزکردەوە، کە دیارە بە تەواوی هۆکارەکەیان بۆ خۆپیشاندەران گەڕاندەوە.

بەڵام توندوتیژیی خۆپیشاندەران بەدرێژایی ساڵی ٢٠١٢ زۆر سنووردار بوو بە بەراورد بە هێرشە چوختی و نزیکەی هەمیشە بێ هیچ ڕووەکەی پۆلیسەوە. زۆرێک لە خوێندکاران چاوێکیان لەدەست دەدا یان کەللەسەریان دەشکێنرا بە داردەستێکەوە، فیشەکێکی “ناکوشندە”، یان نارنجۆکێکی بێهۆشکەر کە ڕاستەوخۆ فڕێ دەدرایە نێو جەماوەرەوە. بەڵام دەوڵەت ناتوانێت بە هیچ دژایەتییەک قایل بێت لە بۆ دەسەڵاتەکەی. ئەو دەشێت بەخشرانە بریندار بکات و بکوژێت، وەلێ با کرێکاران و زۆرلێکراوان نەوێرن مشتیان لە بەرگرییەوە بەرز بکەنەوە!

میدیاکان ڕووداوەکانی هۆڵی پلان نۆردیان بەکار هێنا بۆ نواندنی خوێندکارەکان وەک دەستەگەلێکی مەترسیدار. “توندوتیژی” (ئەوەی خۆپیشاندەران، هەرگیز نە ئەوەی پۆلیس) هەموو سەرنجیانی ڕاکێشا. هەر پەنجەرەیەکی شکاو وەک کردەوەیەکی توندوتیژی نوێنرا. ڕابەرەکانی خوێندکاران بانگهێشت کران بۆ بەشداریکردن لە هاوچڕەی داڕزاندنەکاندا. ڕابەرەکانی FECQ و FEUQ کە هەمیشە مینای دڵخۆشکردنی دامەزراوەکە دەکرد، رێک کەوتن لەسەر ئەوەی بێنە ڕیزەوە و “سەرکۆنەی توندوتیژییەکان بکەن”. بەم شێوەیەش کەوتنە نێو دەستی چینی دەسەڵاتدار و ناڕاستەوخۆیانە متمانەیتییان بەو قسەکردنە بەخشی کە بەرپرسیارێتی “توندوتیژی”ـی دەخستە ئەستۆی خوێندکارانەوە. جگە لەوەش، چارێست هەرگیز سەرکۆنەی توندوتیژییە زۆر بەڕشترەکەی هێزەکانی دەوڵەتی نەکرد. وەلێ CLASSE پیا یارییەکەی حکوومەتی ڕوانی، و ڕەتی کردەوە “سەرکۆنەی توندوتیژییەکان بکات”.

دانوستان

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ـی نیسان، لە شاری مۆنتریاڵ خۆپیشاندانێکی گەورە بە بۆنەی ڕۆژی زەوی بەڕێوە چوو. بەپێی ڕێکخەرەکانەوە، ٢٥٠ هەزار کەس بەشدار بوون، لەنێویاندا کۆمەڵەیەکی گەورەی خوێندکاران. لە چوارچێوەی مانگرتنەکەدا، هەمووان ئەم خۆپیشاندانەیان وەک دژایەتییەکی گەورە لە بۆ حکوومەتی لیبراڵ تێ گەیشتن، کە ڕامیارییەگەلەکەی لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی کانگا و نەوت ڕقڵێکراو بوون وەکوو ئەوانەی لەبارەی پەروەردەوە.

لە ٢٣ـی نیساندا، حکوومەت ناچار بوو ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببێتەوە کە پێی ناکرێت خوێندکارەکان ماندوو بکات و تاکتیکێکی نوێی تاقی کردەوە. قایل بوو بە دانوستاندن، وەلێ CLASSE ـی دوور خستەوە لە دانوستانەکاندا. وەزیری پەروەردە لاین بیۆشامپ کردی بە مەرجێک لە دانوستانەکان کە خوێندکارەکان ڕێز لە “ئاگربەست”ـی چەند ڕۆژێک بگرن.

لە هەمان شێواندا، کردەوەی تێکدان لە خۆپیشاندانەکانی مۆنتریاڵ ئەنجام درا. حکوومەت ئەمەی وەک بیانوویەک بەکار هێنا تاوەکوو CLASSE لە دانوستانەکان دوور بخاتەوە، و ئیدیعای ئەوەی کرد کە ئەو بەرپرسیارە لە شکاندنی ئاگربەستەکە چونکە خۆپیشاندانەکە لە وێبپەڕەکەی ئەودا بڵاو کرابوویەوە. حكوومه‌ت رایگه‌یاند کە دانوستان ناکەن له‌گه‌ڵ گروپێك كه‌ توندوتیژی بروژێنێت. گەمەکەیان ڕوون بوو و تاکتیکێکی دانوستانی کلاسیکی دەنواند: جیا کەرەوە و زاڵ بە. چارێست پێی وا بوو کە دەتوانێت لەگەڵ دوو سەندیکا میانڕەوەکەدا دانوستان بکات و ناچاریان بکات ڕێککەوتنێکی فێڵاوی قووت بدەن، کەوەش دواتر CLASSE گۆشەگیر و لاوازتر جێدەهێڵێتەوە.

دەرخستنەکەی CLASSE لە دانوستانەکاندا چرتەی لە توڕەییی خوێندکارانی کرد، کە دەستبەجێ نەریتی خۆپیشاندانی شەوانەیان هاوێشت. دروشمە نوێکە بووە “خۆپیشاندان بکەن، هەموو شەوێک، تا سەرکەوتن”. (« Manif, chaque soir, jusqu’à la victoire! ».) ئەم خۆپیشاندانەگەلە خۆبەخۆانەی شەوان هەموو شەوێک چەند هەزار کەسیان لە ناوەندی شاری مۆنتریاڵ کۆ کردەوە لە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ لەسەریەک.

لەژێر گوشاری بزووتنەوەکەدا، و بە بینینی گەلێتییە زەبەندەکەی CLASSE لەنێو خوێندکاراندا، ڕابەرەکانی FECQ و FEUQ نەکەوتنە نێو تەڵەکەی حکوومەت داینابوو و لە هاوسۆزی لەگەڵ باقیی بزووتنەوەکەدا مانەوە. ڕەتیان کردەوە دانوستانە بکەن بەبێ ئامادەبوونی CLASSE. ئەوان لەوە تێگەیشتبوون کە ئەگەر قایل بن بە ڕێککەوتنێک بەبێ CLASSE – کە دڵ و گیانی مانگرتنەکەی دەنواند- ئەم ڕێککەوتنە لەوەدەچوو لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا ڕەت بکرێتەوە و ئەوانیش ناوزڕاو بکرێن.

پاشان حکوومەت هەوڵی دا دانوستانەکان بباتە گۆڕەپانی گشتی و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێشنیارێکی گاڵتەجاڕانەی پێشکەش کرد: باشکردنێکی کەم لە زەماڵەدا و زیادکردنێکی ١٧٨٥ دۆلار لە ماوەی حەوت ساڵدا، لەبری ئەو ١٦٢٥ دۆلارەی لە ماوەی پێنج ساڵەی پلانی بۆ دانرابوو. پێویست ناکات بڵێین کە ئەم پێشنیارە ڕەت کرایەوە.

شەڕی ڤیکتۆریاڤیل

ئەو وێنەیەی تا ئێستا خراوەتەڕوو، ڕەنگە ئەو بڕوایە دروست بکات کە بزووتنەوەکە تەنها سنووردار بووە بە مۆنتریاڵ. لەڕاستیدا، لە سەرانسەری کیوبێکدا بڵاوبووبووەوە، بە مانگرتنی کەمپەسەکان لە شاری کیوبێک، گاسپێ، ریمۆسکی، ماتانێ و تەنانەت دوورگەکانی ماگدالینیشدا. لە گاتینیۆ، زانکۆی کیوبێک لە ئاوتاوا (Université du Québec en Outaouais) بووبووە دیمەنی سێ ڕۆژ لە ململانێ کاتێک خوێندکاران خۆیان بەربەست کردبوو لە ژوورەوە و پۆلیسیش گەمارۆی زانکۆکەی دابوو.

هەروەها توندوتیژترین ڕووبەڕووبوونەوەی تەواوی بەهاری بەڵاڵووک ڕووی نەدا لە مۆنتریاڵ. بڕیار بوو دانیشتنی پارتی لیبراڵی کیوبێک لە ٤ تا ٦ـی ئایار لە مۆنتریاڵ بەڕێوەبچێت، وەلێ لە ترسی شێواندن لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گواسترایەوە بۆ شارۆچکە بچووکەکەی ڤیکتۆریاڤیل. لە وەڵامدا، کۆمەڵەکانی خوێندکاران و گروپە چەپگرەکانی دیکە داواکاریی خۆپیشاندانیان کرد لە ڤیکتۆریاڤیل، هەروەها پاسەگەلیشیان بەکرێ گرت لە بۆ گواستنەوەی خۆپیشاندەران لە بۆ ئەوێ.

لە ٤ـی ئایاری ٢٠١٢ـدا شارۆچکەی ڤیکتۆریاڤیل وەرچەرخابووە شەڕگایەک / وێنە: سیمۆن ڤیلێنۆڤ

لە شەوی ٤ـی ئایار، خۆپیشاندانێک لە ٣،٠٠٠ کەس لە دەوروبەری ناوەندی دانیشتنی ڤیکتۆریاڤیل بەخێرایی وەرچەرخایە نائارامییەک. شارۆچکە بچووکەکە وەرچەرخایە شەڕگایەک. گازی فرمێسکڕێژ لە هەموو لایەکەوە بڵاوبووبووەوە. سووخوتێ دوو کیوبێک دەیان گوللەی لاستیکیان ئاراستەی خەڵکەکە کرد و سێ کەسی بەسەختی بریندار کرد کە یەکێکیان چاوێکی لەدەست دا، یەکێکیان شەش ددانی لەدەست دا و یەکێکی دیکەشیان بیستنی لەدەست دا لە گوێچکەیەکیدا. لەلایەکی دیکەوە، جۆن چارێست کە بەسەلامەتییەوە لەناو بیناکەدا، بەڵێنی دا پارێزی لە زیادکردنەکەی کرێی خوێندن بکات.

هەمان شەو، لە شاری کیوبێک، خولێکی دووەمی دانوستانەکان بەڕێوە چوو، وەلێ ئەمجارەیان حکوومەت سەرکەوتوو نەبوو لە دوورخستنەوەی نوێنەرەکانی CLASSE. لە بۆ نەرمکردنەوەی ڕابەرانی CLASSE، جۆن چارێست سەرۆکەکانی ڕێکخراوە گەورەکانی کرێکاری بانگهێشتی مێزی دانوستانەکە کرد. ئەو باش ئاگادار بوو کە ئەم بەڕێوجێکەرانەی دانوستانەکانی کاربەڕێوەبردن (labour-management) لە مێژەدا ددانەکانیان لەدەست داوە. بەدەستەوەدان و لواندن شێوەی کاریانە. دەڕۆیشتن تاوەکوو گەنجان و بێئەزموونان فێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانوستان بکەن. میشێل ئارسناڵ، سەرۆکی FTQ فیدراسیۆنی کاری کیوبێک (Fédération des travailleurs et travailleuses du Québec) ئەو کاتەدا، لە دواتر گێڕایەوە: “من لە بۆم ڕاڤە کردن کە دانوستان دانەواندنە. هاوسەنگییەکی هێزی دەوێت کە لە سازدانەوە وەریدەگریت. من پێی دەڵێم سەرچڵاندنی پشیلەکە لەسەر جەمسەرەکە. وەلێ لە قۆناخێکدا، ناچاریت پشیلەکە بهێنیتە خوارەوە”.

تەنازولەکان بەڕاستی کەسکوون بوون. لە ٥ـی ئایاردا، دوای ٢٢ کاتکۆ لە دانوستاندن، هەموو لایەنەکان گەیشتنە رێککەوتنێک لە بنەماکاندا. چارێست وەک سەرکەوتنێک لە بۆ حکوومەت پێشکەشی کرد. ڕێکەوتنەکەدا ڕێگەی دا زیادکردنەوەکە بپارێزرێت، بەڵام لەگەڵ نزمکردنەوەیەکل لە کرێی پاشکۆدا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادکردنەکە، کە بە دابڕینکردن لە خەرجوباری زانکۆ دارایی دەکرێت. ئەم دابڕینەگەلە لەلایەن کۆمیتەیەکەوە دیاری دەکرێت لە نوێنەرانی سەرۆکی زانکۆکان، فیدراسیۆنەکانی خوێندکاران، کۆمەڵگەی بازرگانی و سەندیکاکان و چەندانی دیکە پێک هاتووە. هەر لە ئێستاوە ڕێککەوتنەکە بەم جۆرە دەستەوەدانەوەیەکی دەنواند.

وەلێ هەر زوو ڕوونەوە بوو کە حکوومەت دانوستانکارانی خوێندکاری فریوداوە. حکوومەت ئیدیعای ئەوەی کرد کە مەرج نییە زیادکردنی کرێی خوێندن بە نزمکردنەوەی کرێی پاشکۆدا جێگیر بکرێتەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی کە لایەنی خوێندکاران لێی تێ گەیشتبوون. خوێندکارەکان رێک کەوتن کە لە دەقەکەدا باس لە “کرێی خوێندن” ناکرێت، بەڵکوو رێککەوتنێکی زارەکی دەبێت لە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە لەدواتردا. هەر ڕێک ڕۆژی دواتر حکوومەت ئەم ڕێکەوتنە زارەکییەی شکاند. لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی تیمی دانوستانی CLASSEـەوە، حکوومەت لە کۆتا خولەکدا بەبێ ئاگاداریی خوێندکارانەوە بەڵگەنامەکەی گۆڕی، سا دانوستانکاریی CLASSE بەڵگەنامەیەکی جیاوازی واژۆ کرد لەوەی لەسەری ڕێککەوتووبوو.

لەگرە بەڕوونی ئەو جۆرە ناپاکییە دەبینین کە هەمیشە تایبەتمەندی دانوستانە لەگەڵ سەرۆکەکان و نوێنەرەکانیان لە حکوومەتدا. ڕابەری سەندیکاکان، کە ڕاهاتوون لە لواندندا، زۆرجار داوێنگیری نیازپاکیی سەرۆکەکان دەبن. هەرچەندە، لە خەباتی چینایەتیدا، وەکوو سەودای بەکۆمەڵ (collective bargaining) و مانگرتنی ٢٠١٢ـی خوێندکاران، بەرژەوەندییە ڕەبەق دژیەکەکانی لایەنەکان بەو واتایە دێت کە نیازخراپی سەرۆکەکان دەبێت بە شتێکی چوونەژێر وەربگیردرێت. هەر وەک لە هەر جەنگێک، نەیار هەرگیز نیازی باشی نییە، و ناکرێت متمانە بە وتەکانی بکرێت.

بەڵام هەڵە ساویلکەکانی دانوستانکارانی خوێندکارن لەلایەن خودی جەماوەرانەوە لغاو کران. هێزی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لەو کۆنترۆڵە دیموکراستییەییە کە جەماوەران لەکاری دەکەن کە وەک ئاگادێرێک لە هەڵەکانی ڕابەرایەتی کار دەکات. لەژێر سیستەمی پەرلەمانیی بۆرژوازیی ئێستادا، کرێکاران و خوێندکارانی بە ڕەچەڵەک خاکەڕا هەر بەسادەیی هیچ وتەیەکیان بۆ نییە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا. بڕیارەکان لەپشتی دەرگای داخراوەوە لەلایەن نوێنەرانی سەرۆکەکانەوە دەدرێت. تاکە مافمان ئەوەیە کە هەڵبژێرین کامە لە نوێنەرانی سەرۆکەکان لە پەرلەمانەکاندا پێمان پێبکەنێت. لە مانگرتندا، ئەو هەزاران کەسەی کە زۆربەی جار ناتوانن بەشداری ژیانی ڕامیاری بکەن لەناکاودا چالاک دەبن.

ئەم گرێبەستە خراپ و ناڕەوایە تووڕەیی خوێندکارانی چرتان. لە ٦ـی ئایاردا، ١٣ـهەمین خۆپیشاندانی لەسەریەکی شەوانە ڕووی دا لەژێر تێمی “دژ بە پێشنیارە ئەسپێونەکەی حکوومەت: بچەسپێنن یان بمرن!” لە سەرانسەری کیوبێکەوە، کۆمەڵەکانی خوێندکاران لە کۆبوونەوە گشتییەکاند کۆ بوونەوە بەدرێژایی هەفتەکەدا لە بۆ بڕیاردان لەسەر قبووڵکردنی ڕێککەوتنەکە یان نا. هەزاران خوێندکار لە هۆڵە گەورەکانی زانکۆ و کۆلێژەکاندا سەرڕێژ بوون و چەندین کاتکۆ وتووێژیان دەکرد. بڕیارەکەیان سەرسەخت بوو: ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنە کرمۆڵەکە. خوێندکارەکان دەنگیان دا بە نوێکردنەوەی مانگرتنەکەدا. خوێندکاران هێزی دیموکراسییەکی بەربڵاویان دەرخست کە ڕێگە بە بەشداری چالاکانەی ئەو کەسانە دەدات کە زۆربەی جار لە ژیانی ڕامیاریدا دوور خرابوونەوە. ئەمە ئەو جۆرە دیموکراسیەیە کۆمەڵاگران لەپێناویدا وەستاون، هەروەها ئەو جۆرە دیموکراسیەیە بزووتنەوەی خوێندکاری ئەمڕۆکانە پێویستێتی لە بۆ سەرکەوتن.

حکوومەت بەتەواوی زەبوون کرا. وەزیری پەروەردە بیۆشامپ، لە ١٤ـی ئایار دەستی لەکار کێشایەوە، لە کەمپی خوێندکاراندا، شادی هەبوو. وەلێ، وەکوو دواتر دەزانیین، وەزیر بیۆشامپ نوێنەرایەتیی باڵی میانڕەوی حکوومەتی دەکرد. ڕۆیشتنەکەی واتای ڕەقاندنی هێڵی حکوومەت بوو. لەپاش هەوڵی لواندنەوە، حکوومەت بێئەملاوئەولا وەرچەرخایە سەرکوتکردنکردن. ئەمەش بووە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای ٧٨ و یاسای نێوخۆییی شارەوانیی P-٦.

پرۆژە یاسای ٧٨

لە ١٨ـی ئایار، ئەنجومەنی نیشتمانی پڕۆژە یاسای ٧٨ـی پەسەند کرد، یاسایەکی نائاسایی دڕندەی دژەدیموکراسی لە بۆ بۆ سنووردارکردنی مافی خۆپیشاندان و قەدەغەکردنی مانگرتنی خوێندکاران داڕێژراوە. تاوانەیەکی توندی دانا لە بۆ سەندیکاکان یان ئەو کەسانەی بەردەوام بوون لە ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوە بۆ ئەو قوتابخانانەی کە ڕیزی مانگرتووانیان لەسەردا بوو. داوای لە ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان دەکرد کە پێشوەختە گەڕاننامەکەیان پێشکەش بکەنە پۆلیس. هەروەها مامۆستایانی ناچار کرد کە زۆربەیان هاوسۆزی مانگرتنەکە بوون، وانە بدەنەوە یان ڕووبەڕووی تاوانەیەکی توند ببنەوە.

هەر لەو ڕۆژەدا، بەڕێوبەرایەتیی شارەوانی مۆنتریاڵ جیراڵد ترێمبلای یاسایەکی نێوخۆییی شارەوانیی سەختگری بە ناوی P-٦ پەسەند کرد، کە هەروەها داوای لە خۆپیشاندەران دەکرد گەڕاننامەکانیان ڕادەست بکەن و قەدەغەی کرد لێیان… دەمامک ببەستن! لانی کەم ٢،٠٠٠ کەس زیانە کران لەژێر ئەم یاسا نێوخۆیییەدا، کە دواتر لەلایەن دادگای باڵای کیوبێکەوە بە نایاسایی ڕاگەێنرا.

لەجیاتی پاشەکشەکردن، بە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی دەوڵەتدا، ڕابەرەکانی CLASSE بانگێشتنیان کرد بۆ سەربزێویی یاسا دژەدیموکراسییە سەرکوتکەرەکەدا. جەین ڕێنۆڵدز (Jeanne Reynolds)ـی وتەبێژ بێژیی: “هیچنەکردن هاوواتای هاودەستییە. ملکەچبوونی ئەم یاسایە قایلبوونە پێی. قایلبوون بەم یاسایە ڕێگەدانە بە ناوەڕۆکەکەی”.

وەڵامی خەڵکی ڕەهایانە زەبەلاح بوو. پتر لە ٤٠٠،٠٠٠ کەس خۆپیشاندانیان ئەنجام دا لە ٢٢ـی ئایار، ئەوە گەورەترین کردەوەی سەربزێویی شارستانی بوو لە مێژووی پارێزگەکەدا و تەنانەت هی وڵاتەکەشدا. پۆلیس شەپڵە بووبوو بە هێزی جەماوەرانەوە.

جارێکی دیکە، پێویستە ژێرهێڵکردن بکرێت لەسەر ڕۆڵی ڕابەرایەتی. لە بەرانبەری ئەم یاسا سەرکوتکەرەدا، یان هەر هێرشێکی دەستبەجێی حکوومەت یان سەرۆکەکان، هەموو شتێک دەکرێت لە ٢٤ کاتکۆ یان کەمتردا دیاری بکرێت. ئەگەر ڕابەران ڕادەست بن، ئەوە زۆر ئەستەمە لە بۆ جەماوەر بەسەر کۆنەپارێزیی ڕابەرایەتییەکەیدا زاڵ بێت. لەم قۆناغەدا، هەرەگرنگە لە بۆ ڕابەرایەتی کە پەیامی سەربزێوی بدات لە بۆ ڕزگارکردنی بزووتنەوەکەدا. ئەمە وانەیەکە کە دەبێت لەلایەن هەموو ڕابەرەکانی سەندیکاکان فێر ببێت لە سەردەمێکدا کە حکوومەتە سەرمایەدارەکان هەمووکات مافی مانگرتن دەسێننەوە بە یاساگەلەی گەڕانەوە بۆ کار (back-to-work). ڕۆژێک دێت سەندیکایەک ناچار بێت بەرەنگاری ئەم یاساگەلە دژەدیموکراسییان ببێت، هەکە مافی مانگرتن هیچ بایەخێکی هەبێت.

بەهانەیەکی باو بۆ سەربزێوی نەکردنی ئەم جۆرە یاساگەلە ئەوەیە کە هیچ گەرەنتییەک نییە کە بزووتنەوەیەکی بەشکردوو بەهێز دەبێت کە بە سەرکەوتوویی بەرەنگاری یاسایەکی بەوچەشنە بکات. ئنجا دوای ئەوە، کەمتەرخەمانە پاشان شکست وەکوو بەڵگەیەک وەردەگیرێت کە نەدەکرا بەرەنگاری بکرێت.

لەڕاستیدا، هیچ شتێک هەرگیز گەرەنتی نەکراوە. گەرەنتیی سەرکەوتنی بزووتنەوەیەک هەرگیز بوونی نابێت لە هیچ شوێنێکدا. وەلێ ئەوەی ئەم کەسانە لێی تێ ناگەن ئەوەیە کە دیالێکتیکانە، ئەو ڕاستییەی کە ڕابەرەکان بانگەواز لە بۆ سەربزێوییەک دەکەن بزووتنەوەیەکی باوەڕبەخۆ دروست دەکات، کە کردەنی نەدەبوو بەبێ ئەو بانگەوازە. سەرباری ئەوەش، گابرێل نادۆ دوبۆیس خۆی باوەڕمەند بوو کە یاساکە بزووتنەوەکە دەکوژێت. لە دیمانەیەک لەم دوایییانەدا گوتی: “دڵنیا بووبووم لەم قۆناغەدا کە ئەمە کۆتاییی سازدانەکە بوو.”، وەلێ لە بۆ پەسندانی، ئەو و ڕابەرەکانی CLASSE بانگەوازیان کرد لە بۆ سەربزێوی لە پڕۆژە یاسای ٧٨. وەکوو لەم ڕۆژانەدا دەبێژێت: “پەسەندکردنی ئەم یاسایە بەڕاستی خاڵی وەرچەرخانی فەرمی بوو لە بزووتنەوەیەکەوە کە لەلایەن گەنجانەوە ڕابەرایەتی دەکرا لە بۆ بزووتنەوەیەکی زۆر فراوانتر لە ناڕەزایەتی دژی رژێمی لیبراڵ. من کەمێک بە کەمگرتنم کرد لە نەوەی خۆم”.

سروشتە دژەدیموکراسییە تۆقێنەرانەکەی یاساکە سروشتی ڕاستەقینەی حکوومەتی چارێستی بۆ خەڵکی ئاشکرا کرد. یاساکە کاریگەرییەکی پێچەوانەی هەبوو لەوەی مەبەست بوو لێی. سەرکوتاندن ژیانێکی نوێی بەخشییە بزووتنەوەکەدا. توێژەگەلێکی نوێی ئاپۆرە ڕاکێشرایا نێو خەبات. تا لە مارکس تێ هەڵ بکێشین، “شۆڕش هەندێک جار پێویستی بە قامچی دژەشۆڕش هەیە”.

ئەمەش داڕێژگەی بزووتنەوەی کاسێرۆلی گرتە بەر، کە لە ٢٤ـی ئایار دەستی پێ کرد. کەسێک لە فەیسبووک داوای لە خەڵکی کرد کاتژمێر ٨ـی ئێوارە بچن و دەنگوهەرا دروست بکەن بە لێدانی قاپ و قاچاخ. ئەم تاکتیکە لە بزووتنەوە هاوشێوەکانەوە سەرۆی وەرگرتبوو، بەبەرچاوی لە چیلییەوە. ئەڤ بزووتنەوەیە هاوشێوەی سووتمان بڵاو بووەوە، و بۆ هەفتەگەلێکیش بەردەوام بوو. لە تەواوی کیوبێکەوە، هەموو جۆرە خەڵکانێک – گەنج، پیر، خوێندکاران، داکوبابان، کرێکاران و هتد.- چوونە سەر باڵکۆن و پیادەڕەوەکانەوە، پچەک بە دارین، مەنجەڵ، تاوە، و ئامێرەگەلێکی دیکە تاوکوو دەنگوهەرا دروست بکەن. ئنجا دراوسێکان بە ناسینەوەی یەکتردا، لە گۆشەکانی شەقامەکان کۆبوونەوە. کۆبوونەوە بچووکەکانی گۆشەی شەقامەکاندا مۆڵ دەبوون. مۆڵە بچووکەکانی سەر خیابان یەکبوونە مۆڵەگەلێکی کەورەتر، و زوو بۆ خۆپیشاندانەگەلێکی بچووکی بێهەژمار- بەبێ هیچ گەڕاننامەیەکیش- کە هەموو گەڕەکەکانیان گرتەوە، لە سەرتاسەری کیوبێک. گشت کیوبێک سەربزێوییانە کرد لە یاساکەدا. لە هەموو شوێنێکی لە خیابان ئەو دروشمە دەبیسترێت: “یاسای تایبەت! ئێمە گوێ نادەین!” (« La loi spéciale! On s’en câlisse! »)

ئیتر لەم خاڵەوە، کرێکاران لەسەر بناخەی تاکەکەسییەوە دەستیان کرد بە پەیوەست بوون بە بزووتنەوەیە. بەداخەوە، ڕابەرایەتیی خوێندکاران ئەم دەرفەتەی نەقۆستەوە، و توانایییە بەرینەکەی بزووتنەوەکە ئاخرسەر لەدەست چوو.

کرێکاران و خوێنکاران: هەمان خەبات!

پاش چوار مانگ لە مانگرتن، خۆپیشاندان، و گەمارۆ، گرتن، و کارەگەلی شانۆییی بێهەژمار، حکوومەت نەگۆڕ مایەوە. هێشتا رەتیان دەکرد كرێی خوێندن ببەستێنن، كە كەمترین داواكاری بزووتنەوەكە بوو. وەکوو لە دەستێوەردانەکانی ئەو کاتمان لە بزووتنەوەکەدا ڕوونمان کردەوە، پێویست بوو بزووتنەوەکە لە بۆ چینی کرێکار بڵاو بکرایەتەوە.

پرسی مانگرتن، چیتر سادە پرسی پارە نەمایەوە. وەزیری تەناهیی گشتی رۆبەرت دوتیل پرسەکەی لەبەردەمی ئەنجومەنی نیشتمانیدا پوخت کرد: “ئایا یاساوڵی شەقام زاڵ بێت، یان پەرلەمان؟” ئەو ڕاست بوو. مانگرتنەکە پرسی دەسەڵاتی ورووژاند. خوێندکاران تەحەدای دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار و دەوڵەتەکەییان دەکرد. حکوومەت نەیدەتوانی پاشەکشە بکات.

وەلێ خوێندکاران، لە خۆیانەوە، دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نییە. مانگرتنێکی خوێندکاران دەتوانێت هەندێک گوشار بخاتە سەر حکوومەت، بەڵام ئەمە هیچ نییە بە بەراورد بەو دەسەڵاتەی کە کرێکاران هەیانە. کرێکاران، کاتێک واز لە کارکردن دێنن، ڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر قازانجەکەی چینی سەرمایەدار. ئەوان دەتوانن تەگەرە لە گواستنەوە، پەیوەندی، بازرگانی، بەرهەمهێنان و هتد. بکەن، هیچ چەرخێک ناسووڕێت، هێچ گڵۆپێک نادرەوشێتەوە بەبێ هێڵی چینی کرێکار. ئه‌گه‌ر كرێكاران بڕیاری ئه‌وه‌ بده‌ن، ده‌توانن به‌ رێگه‌ی مانگرتنی گشتی هه‌موو كۆمه‌ڵگا لە جووڵه‌ بخەن.

هێزی خوێندکاران زۆرتر لە ژمارە، وزە و کاتەکانیاندایە. خوێندکارانی کیوبێک مانگرتنەگەلێکی سەرکەوتوویان بەڕێ برد، وەلێ لە کۆتاییدا نەیانتوانی بە تەنیا ڕووبەڕووی تەواوی دەزگای دەوڵەت ببنەوە، کە سازدراو و بڕا بوو بۆ شکاندنیان. له‌م جۆره‌ دۆخه‌دا، خوێندکاران دەبێت ببنە پریشكێك لە بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی چینی كرێكار، كه‌ ته‌نیا ئەو دەتوانێت شکست بە سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان بێنێت. ئەمە بوو کە ڕووی دا بۆ نموونە لە کاتی بزووتنەوەی ئایاری ١٩٦٨ لە فەرەنسا.

هەر چۆنێک بێت، ئەم پێویستییەی پەیوەستکردنی بزووتنەوەی خوێندکاری بە بزووتنەوەی چینی کرێکارەوە هەڵەتێکەیشترابوو یان هەر تێنەگەیشترابوو. لە ڕاستیدا بانگەوازەگەلێک هەبوون بۆ “مانگرتنی کۆمەڵایەتی”. وەلێ ئەو هەوڵانە سنووردار کرابوون تەنیا لە بانگەوازی سنووردار یان هەوڵدان، زۆرجار لە خۆیییەوە، بۆ قایلکردنی ڕابەرەکانی سەندیکاکان تاوەکوو بچنە ناو خەباتەوە.

ناوبراوان، ئەگەریش بە قسە پشتگیری لە خوێندکاران کرد، نەیاندەویست بچوکترین مەترسی هەڵ بگرن، و لەسەرووی هەموانەوە خەمخۆری کۆتاییهێنان بە ململانێکەوە بوون بە زووترین کات بکرێت و دوورکەوتنەوە لە مانگرتنێکی گشتی. ئەوەش ئاشکرا بوو لە گۆڕینەوەیەکی تەواو داخورپێنەرانەی لە نامە لەنێون سەرۆکی FTQ میشێل ئارسناڵ و ئەوەی کۆنگرەی کرێکاریی کەنەدا کێن جۆرجیتی. لە کرۆکدا، ئارسناڵ داوای لە سەندیکاکانی کەنەدای ئینگلیزی کرد کە بایباڵدانی خۆیان ببن و پشتگیری لە مانگرتنی خوێندکاران نەکەن، لە بۆ ئەوەی “سووتەک نەخەنە سەر ئاگرەکەدا”. لە وەڵامدانەوەدا، جۆرجیتی دەستوەردانی لەگەڵ ناوکۆیییەکانی لە کیوبێکدا کرد لە وەڵامی قسەلۆکێک کە هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی نایاسایی، و داوای لێیان کرد بوەستن و گوێ لە ڕێنمایییەکانی FTQ بگرن. FTQ، وەکوو فیدراسیۆنە کرێکارییە گەورەکانی دیکە، ئابڕووبەرانە ڕەتی کردووە بانگی ئەندامەکانی بکات لە بۆ سەرپێچکردن لە پرۆژە یاسای ٧٨- بە واتایەکی دیکە، داوایان لە مامۆستایان دەکرد کە وەکوو مانبڕ دژی خوێندکاران کردار بکەن. مانگرتنێکی یەکڕیزی هەر لە خەیاڵیاندا نەبوو، بەو پێیەی هێشتا ڕێککەوتنە بەکۆمەڵەکان (collective agreement) بەسەر نەچووبوون. ڕابەرە سەرەکییەکانی سەندیکاکان کوشندە لە نایاسایی دەترسان، و پێیان باشتر بوو خیانەت لە خوێندکاران بکەن لەوەی مەترسیی سەربزێوی لە یاسا هەڵبگرن.

ڕووبەڕووی چەقبەستوویی، تەنانەت وێرانکاریی ڕابەرەکانی سەندیکاکان، چالاکوانانی خوێندکاری پێویستیان بەوە بوو بەڕاستەوخۆیی بچنە لای ئەندامانی سادەی چینی کرێکار. پێویست بوو تیمی خوێندکاران دروست بکرێت تا یەک بە یەک بچنە جێکارەکان و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کرێکارانی سادە بکەن، دڵکاویان بکەن بە داواکارییەکانی خوێندکاران و نیشانیان بدەن کە ئەو خەباتە بەشێکە لە خەباتە گشتیترەکەی کرێکاران لەدژی لێگرتنەوەی سەرمایەداری. بەداخەوە، لە کاتێکدا هەندێک هەوڵ هەبوون بۆ دامەزراندنی پەیوەندیگەلێک لەگەڵ کرێکاران- بە بەدیهێنانی چەند کۆمیتەگەلێکی یەکڕیزیی خوێندکاران و کرێکاران، بەتایبەتی لەژێر پاڵنەری چالاکوانانی کۆمەڵاگری لا ڕیپۆست (La Riposte)ـدا – کۆشەیەکی کەمیان تێدا وەبەرهێنرا چون ڕابەرەکانی CLASSE پێویستیی ئەوەیان نەبینی، ئەو کۆمیتانە تا ڕادەیەک بەخێرایی خرانە پشت گوێ.

هەرچەن ڕابەرەکانی CLASSE بانگخوازیان کرد لە بۆ “پشێویی ئابووری”، ئەمە بە واتایەکی ئاژاوەخوازی تێ گەیشترا، بەبێ ئەوەی جەماوەرانی کرێکار سازبدرێن. ئەم پشێوییەگەلە لە شێوەی چەندین “خۆپیشاندانی کرداری”ـدا بوون کە پێکهاتبوون لە بلۆککردنی جێکارەکان… بەبێ ئەوەی هەوڵ بدرێت دڵی کرێکاران بسەندرێت یان تەنانەت پێشوەختە ئاگاداریان بکرێتەوە. تەنانەت هەندێک بۆمبی دووکەڵاوییان لە بنەڕێی مۆنتریاڵدا فڕێ دا. ئەم کردارەگەلە لەوپەڕچەپانەیە بەگشتی بە دوژمنایەتی بەڕەوڕوو دەبوونەوە لەلایەن کرێکارانەوە، کە دەبوو دڵکاو بکرانایە و دڵیان بسەندرایە لە بۆ دۆزی خوێندکاران.

شکستهێنان لە سازدانی توێژە فراوانەکانی کرێکاران لەسەر بنەماگەلێکی ڕێکخراو و لە مانگرتنی گشتیدا نوێنەرایەتی یەکێک لە هەڵە سەرەکییەکانی ڕابەرایەتیی خوێندکارانی کرد لە ساڵی ٢٠١٢. پێویستە ئێمە فێری ئەم وانەیە ببین.

هەڵبژاردن

بەبێ بوونی پلانێک بۆ بەربڵاوکردنی بزووتنەوەکە بۆ کرێکاران، ڕابەرایەتیی خوێندکاران زیانبار بووبوون، کە چی دیکە بکەن جگە لە بەردەوامبوون بە هەمان شێوازەگەل. خۆپیشاندانی شەوانە، “پشێویی ئابووری”، و کارەگەلە شانۆیییە هونەرییە جۆراوجۆرەکان بەردەوام بوون، وەلێ بە کاریگەرییەکی کەمەوە. دەستگیرکردن و دڕندایەتیکردنی بەکۆمەڵی خوێندکاران بەردەوام بوو. مەندی دەستی پێ کرد. بزووتنەوەکە دەستی کرد بە تێنەمانی هەڵم.

لە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاڵۆزییەکە، چارێست، کارتێکی نوێی لەژێر باڵییەوە دەرهێنا. لە یەکی ئابدا، بانگهێشتەی بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کرد. ئەو “یاسا و ڕێسا” (law and order) دژ بە “دەسەڵاتداریی شەقام”ـی کردە پرسی هەڵمەتەکە. هه‌مووان هەڵبژاردنەکە وەکوو گشتپرسییەک لەسەر زیادکردنی کرێی خوێندن و مانگرتنی خوێندکاران.

کۆستانە، CLASSE بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی هەڵبژارد. دروشمەکەیان “هەڵبژاردن چارەسەر نییە” بوو. ئەوان هەوڵیان دا مانگرتن و خۆپێشاندانەکان بپارێزن وەکوو زەمینی خەبات، بە پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەی کە زەمینەکە گۆڕاوە. گەرچی کە پارێزگاری لە مانگرتنەکانەکاندا دروست بوو لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا، وەلێ دەبوایە دان بەوە بنرایە کە چارێست سەرکەوتوو بوو گوزەراندنی خەبات لە بۆ ئاستی هەڵبژاردنەکان. یەک بە یەک کۆمەڵەکانی خوێندکاران دەنگیان دەدا بە دانانی کۆتایییەک بە مانگرتنەکە یاخود ڕێز لە “ئاگربەست”ـێک بگیرێت لە بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان.

CLASSE، و بە تایبەتی باڵە ئاژاوەخوازەکەی، جەختیان کرد لەسەر پێویستی پارێزیکردن لە “سەربەخۆییی تەواو لە پارتە ڕامیارییەکان”. ئەم هەڵوێستە بۆ چەپی کیوبێک شتێکی نوێ نییە، و ڕەگی خۆی هەیە لە نەریتی ئەنارکۆ-سیندیکالیستیدا. تا ئەمڕۆش دەکرێت ببینرێت تەنانەت لە فیدراسیۆنە سەرەکییەکانی سەندیکاکانیشدا، کە لەمێژە پێگەی “هەرکەسێک جگە لە لیبراڵەکان”ـیان هەیە کە لە کردەوەدا وای لێ کردوون لایەنگری PQ3 ببن. لە نەریتی ئەنارکۆ-سیندیکالیستیدا، ئەمە لە ڕەتکردنەوەیەک بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت وەک تەنێکی مەترسیدارەوە هاتووە، ئەو میوە حەرامە کە نابێت دەستی لێ بدرێت. لە کردەوەدا، ئەم هەڵوێستە یەکسانە بە ڕادەستبوون و جێهێشتنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە دەستی سەرمایەدارەکانەوە. لە کۆڕەکانی خوێندکاراندا، گفتوگۆکە لە بنەڕەتدا شێوەی وتنی ئەوەی گرتە بەر کە دەبێت CLASSE سەربەخۆ لە پارتە ڕامیارییەکان بمێنێتەوە بۆ ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە دەستکاری نەکرێت یان پێوەبەندی ئەوان نەبێت. لە کردەوەدا، بەم هەڵوێستەوە، ئەوە CLASSE نەبوو کە سەربەخۆ لە پارتە ڕامیارییەکان مایەوە، بەڵکوو ڕامیاری بوو کە سەربەخۆ لە CLASSE ئەنجام درا.

دروستە بوترێت کە هه‌ڵبژاردن ناتوانێت سروشتی بنچینەییی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بگۆڕێت، و له‌بنه‌ڕه‌تدا ڕاژە بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رەگەلێکی بۆرژوازی ده‌كات بۆ په‌رله‌مانێك كه‌ وه‌كوو ده‌سته‌یه‌كی یاسادانان بۆ بۆرژوازی كار بكات. بەڵام، هەموو خوێندکاران، چ جای هەموو کرێکارانی کیوبێک، لەم ڕاستییە تێ نەگەیشتبوون. ڕابەرەکانی CLASSE بەداخەوە بەتەواوی هەڵەهەڵسەنگاندنیان بۆ گۆڕانکاریی دۆخەکەدا کرد، و بەهۆی لایەنگرییە دژەهەڵبژاردنەکانیانەوە ڕێگەیان بە ڕابەرەکانی FEUQ/FECQ دا کە لە هاوپەیمانیدا بوون لەگەڵ PQـدا، سوود لە دۆخەکە وەربگرن.

هەمووان دەیانزانی کە سەرکەوتنی لیبراڵەکان بە واتای شکستێکی گەورە دەبوو بۆ بزووتنەوەی خوێندکاران. لەم چوارچێوەیەدا، پارتی کیوبێکی دەرفەتەکەی قۆستەوە و بە هەلپەرستانە و دووڕووانە خۆی وەکوو پارتی چوارگۆشە سوورەکان خستە ڕوو. پاولین مارۆیس (Pauline Marois)، سەرۆکی PQ، بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و چوارگۆشەی سووری لەبەر کرد. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا PQ زۆر دوور بوو لە پارتێکی دژەلێگرتنەوەدا. لە کۆتاییەکانی نەوەتەکاندا، PQ لەژێر دەستی لووسیەن بووچارد (Lucien Bouchard) دروشمی “ناتەواویی هیچ”ـی هەبوو و بڕینی قووڵی لێگرتنەوەی جێبەجێ کرد، بەتایبەت لە سیستەمی ئاگاداریی تەندروستیدا، کە هەرگیز ساڕێژنەبووەوە.

لەم دۆخەدا، سۆلیدێری کیوبێک تاکە پارت بوو کە هەڵبژاردنی سەرکەوتنێکی ڕاشکاوی دەنواند لەدژی لێگرتنەوەی سەرمایەداریدا. لەدایکبووی تێکەڵاندنێکی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و فێمینیستەکان لەگەڵ پارتەگەلێکی بچووکی جۆراوجۆری دژەسەرمایەداریدا، QS نوێنەرایەتی چەپترین پارتی شەبەنگی ڕامیاریی کیوبێکی دەکرد، و پەیامێکی دژەلێگرتنەوەی ڕوونی هەبوو. بۆیە، بەئاشکرا بژاردەیەک هەبوو کە بزووتنەوەی خوێندکارانی بەهێزتر بکردایە و دیمەنی ڕامیاریی کیوبێکی بگۆڕیایە. دەبوو CLASSE پشتگیری خۆی پێشکەش بکردایە QS بەو مەرجەی کە پارتەکە پشتگیریکردن لە مانگرتنەکان و پەروەردەی بێبەرانبەر بکاتە سەرباسی ناوەندیی هەڵمەتەکەی. ئەمەش خودی پارتەکەی دەگۆڕی و دەیکردە دەنگی گەنجان و کرێکارانی ڕادیکاڵی کیوبێک. تەنها ئەمە دەیتوانی مانۆڕەکانی ڕابەرەکانی FECQ/FEUQ و پشتگیریکردنیان لە PQ ببڕێت. بەداخەوە، باڵی ئاژاواخوازیی دژەهەڵبژاردنی CLASSE سەرکەوتوو بوو لە مشتومڕێکەدا، کە لە بەرژەوەندیی ڕابەرە مامناوەندەکانی خوێندکاران و PQـدا کەوت.

ڕابەرەکانی سۆلیدێری کیوبێک پشکی خۆیان لە بەرپرسیارێتیی ئەم شکستەدا هەبوو. ئەوان سوودیان لە بزووتنەوەکە وەرنەگرد و نەیانتوانی بەڕاشکاوی خۆیان وەکوو پارتی خوێندنی بێبەرانبەر و بزوتنەوەی خوێندکاری نیشان بدەن. ئەوان رەتیان کردەوە بانگ بۆ ناگوێڕایەڵییەکی سیڤیڵ بکەن دژی پڕۆژە یاسای ٧٨. بە نیشاندانی پێشەنگییە هەڵەکانی خۆیان، تاکە گردبوونەوەیەکی گەورە کە لەلایەن پارتەکەوە لە کاتی هەڵمەتەکەدا ڕێکخرابووبێت، لە ـ٢٥ی ئاب بووە، کاتێک کیوبێک بە بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا تێدەپەڕی دژی لێگرتنەوە و بۆ پەروەردەی بێبەرانلبەر، لەسەر سەرباسی… سەربەخۆییی کیوبێک.

وەک لە سەرەوە ئاماژە کراوە، ڕابەرەکانی FECQ/FEUQ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بوون. بەفەرمی، پشتگیرییان لە پارتێکی دیاریکراودا نەدەکرد، بەڵکوو بانگەشەیان بۆ دەنگدانێکی ستراتیژی کرد دژی لیبراڵەکان و 4CAQ. بەو پێیەی کە سۆلیدێری کیوبێک لەو کاتەدا پارتێکی تا ئەندازەیەک پەراوێزخراو بوو، بە تەنها یەک پەرلەمانتارێکەوە، پەیامەکەی لایەنگری PQ زۆر ڕوون بوو. ئەمەش بەتایبەتی ڕوون بووەوە کاتێک کە سەرۆکی FECQ لیۆ بیرۆ-بلۆین ( Léo Bureau-Blouin)، یەکێک لە ناسراوترین دەموچاوەکانی مانگرتنەکە، بووە بەربژارێکی PQ پاش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی هات. هەروەها سەرۆکی FEUQ، مارتین دێسجاردینز (Martine Desjardins)، سوودی لە پێگەی ناوداریی خۆی وەرگرت کە لە ساڵی ٢٠١٢ـدا بەدەستی هێنا تاوەکوو وەک بەربژارێک بۆ PQ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ـدا خۆی بەربژار بکات.

لە ئێوارەی ٤ـی ئەیلول، لیبراڵەکان شکستیان هێنا. جۆن چارێست، لووتی شکا، لە مەڵبەندی هەڵبژاردنی خۆیدا دۆڕا. لە ڕۆژانی پاش هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی حکوومەتێکی کەمینە، پاولین مارۆیس کشانەوەی پرۆژە یاسای ژمارە ٧٨ و زیادکردنەکەی کرێی خوێندنی ڕاگەیاند. لەپاش هەشت مانگی مێژووییدا، داواکارییە سەرەکییەکەی خوێندکاران هاتە دی!

وەلێ وەک چۆن خوێندکاران زوو بۆیان دەرکەوت، ئەم سەرکەوتنە لە دژی لیبراڵەکانی جۆن چارێست سەرکەوتنێکی سەرڕاستانە خراپتربوو لە تێشکان. حکوومەتی PQ زیادکردنەکەی کرێی خوێندنی بە ئیندێکساندنێک گۆڕی، بەپێی داهاتی پوختەی سەرانەی خێزانەکان، کە یەکسان بە زیادکردنێکی نێوبڕی ساڵانەی لەسەددا سێدا. بەم شێوەیە مارۆیس سەرکەوتوو بوو لەو کارەی جۆن چارێست نەیتوانی: نەچەسپاندنی کرێی خوێندن. و لە کاتێکدا زیادکردنەکەی چارێست بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبوو، ئەوەی مارۆیس بۆ هەمیشەیە. حکوومەتی مارۆیس بەردەوام بوو لە سەپاندنی ڕێوشوێنەگەلی لێگرتنەوە. بزووتنەوەی خوێندکاری هەوڵی گەڕانەوەی دا، وەلێ تێکشکا، ماندوو و دڵسارد بوو پاش هەشت مانگ لە مانگکرتن. دوای دوو ساڵ، لیبراڵەکان گەڕانەوە سەر دەسەڵات و بەردەوام بوونەوە لە تاڵانکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان.

کەلەپووری ساڵی ٢٠١٢ و داهاتووی چەپ لە کیوبێک

لە ئەنجامی ساڵی ٢٠١٢ـدا، دوو ڕەوتی بەڕوونی پێناسەنی سەریان هەڵ دا. لە لایەکەوە، باڵە ئاژاوەخوازەکەی بزووتنەوەکە فێری وانە هەڵەکان بووبوون. لەگەڵ نوێبوونەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، چالاکوانانی ڕێکخراو لە گروپی “بەهار ٢٠١٥” ( Printemps 2015) هەڵوێستێکی پشووتەنگی لەوپەڕچەپیان گرتە بەر کە بزووتنەوەکەی بەرەو شکست برد. لە کاتێکدا کە “گراو”ـێکی نوێ ڕاست دەکرایەوە، بە دەنگەکانی مانگرتن لە زانکۆکان و CEGEPـیەکاندا هاوتەریب لەگەڵ دانوستانەکان لە کەرتی گشتیدا، بیرۆکەی “مانگرتنێکی کۆمەڵایەتی” کە خوێندکاران و کرێکاران یەک بخات، دووبارە خرایە سەر مێز.

وەلێ بەرەی هاوبەشی سەندیکاکانی کەرتی گشتی مانگرتنەکەی لە بۆ پاییز دواخست. پاشان ڕاپەڕاندنەکەی ASSÉ پێشنیاری دواخستنی مانگرتنی خوێندکارانی کرد، کە بە “پاشەکشەیەکی ستراتیژی” وەسفی کرد. لە وەڵامدا باڵی ئاژاوەخواز نەڕەیەکیان بەرز کردەوە و “مانۆڕکردن” و “باوکڕەفتار”ـی ڕاپەڕاندنی ASSÉ ـیان سەرگۆنە کرد. دروشمی باڵی ئاژاوەخواز سۆن تزو تەریق دەکاتەوە، “پاشەکشە هەرگیز ناکرێت ستراتیژی بێت” بوو. لەژێر گوشاردا، تەواوی ڕاپەڕاندنی ASSÉ دەستیان لەکار کێشایەوە. ناڕەزامەند بەم دەستلەکارکێشانەوەیەدا، کۆنفرانس پێشنیارێکی دەرنانی ڕاپەڕاندنی پەسەند کرد!

مانگرتنی خوێندکاران بەبێ کرێکاران بەرەو پێشەوە چوو. بە بارێکی هیچخوازیانە تەشەنەی کردبوو، کە بە ئایکۆنیترین دروشمی بزووتنەوەی ٢٠١٥ دەستبەسەر بوو، “گوو بە هەموو شتێک!” لە کاتێکا ئەمە بۆ توێژەیەکی كەمی چالاكوانی خوێندكاری سەرنجڕاكێش بوو، وەلێ ئەوانەی دیکەی بزووتنەوەكە و زۆرینەی ڕەهای خوێندكاران و كرێكاران لەوە تێ گەیشتبوون كە بزووتنەوەكە گۆشەگیرە و هیچ ئارەزووێكی ئەوەیان نەبووە دەربچن و براقیتە بدەنە باقی کۆمەڵگا. بۆیە مانگرتنەکە زۆر دوور لەدەرەوەی دیوارەکانی UQAM5 بڵاو نەبووەوە و بۆ هیچکوێ نەچوو. لەپاییزدا، کاتێک سەندیکاکانی کەرتی گشتی چوونە گەورەترین مانگرتن لەوەتی حەفتاکانەوە، بزووتنەوەی خوێندکاران لە هیچکوێ نەدەدۆزرایەوە. مانگرتنە بووە هۆی پەسەندکردنی ڕێککەوتنێکی بەکۆمەڵی پاک کرمۆڵ. لە ساڵانی دوای ئەم شکستەدا، ASSÉ چووە قۆناغێکی شەپڵە و داچووندا. یەکیەتیی خوێندکارانی شۆڕشگێڕ کە ڕابەرایەتی خەباتە قارەمانانەکەی ساڵی ٢٠١٢ـی کرد، دواجار لە ساڵی ٢٠١٩ـدا هەڵوەشایەوە.

و لە لاکەی دیکەوە، ڕابەرە پێشووەکانی ASSÉ وەک گابرێل نادۆ-دوبۆیس چوونە پاڵی سۆلیدێری کیوبێکەوە و رێبازێکی تەواو لواندانەیان لەگەڵ پارتە سەرمایەدارەکاندا گرتە بەر. کاتێک جی‌ئێن‌دی باس لە ساڵی ٢٠١٢ دەکات، دەڵێت کە ئەو ئێستا “پێگەیشتووە” و ئەو وێنەیەی خەڵک بەهۆی ساڵی ٢٠١٢ـەوە لەبارەیەوە هەیانە “بێزارم دەکات، چونکە وێنەیەکی بەتوندی جیاوازە لەو کەسەی کە هەم.” ئێستا جی‌ئێن‌دی و دارودەستەکەی كۆنترۆڵی تەواویان بەسەر QS لەدەستدایە و پارتەکەیان به‌ لایەکی مامناوەندتر و چاكسازیخوازتری، لایه‌نگری دامەزراوەدا بردووه‌. ئەوان وازیان لە هەر خۆنواندنێکی بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی سەرمایەداری هێناوە و تاکتیکە شەڕکەرانەی ASSÉـیان ڕەت کردووەتەوە، و پێشەنگی دەدەن بە تێپەڕاندنی پێشنیارەگەلێکی دەربڕاوی جوان لە پەرلەمان.

ئەم دوو ڕێگایە، لەوپەڕچەپی ئاژاواخواز و هەلپەرستیی پەرلەمانیی چاکسازیخواز، لە ڕاستیدا دوو ڕووی یەک پووڵەوردەیەکن کە بەرەو ڕێیەکی بنبەستەوە دەچن: لە لایەکەوە پەککەوتوویی، لە لایەکی دیکەوەش قایلبوون بە بارودۆخی هەنووکەدا. بزووتنەوەی خوێندکاران دەبێت وانە دروستەکان لە ساڵی ٢٠١٢ فێر ببێت.

خوێندکاران، بە تەنها، ناتوانن سەرمایەداران، دەوڵەتەکەیان و ڕێوشوێنە لێگرتنەوەییکانیاندا بڕووخێنن. وەلێ دەکرێت وەک پریشکێک لە بۆ بزووتنەوەیەکی جەماوەریی کرێکاران ببن. ئەو شیمانەیە هۆی نیگەرانبوونمان بوو لە ساڵی ٢٠١٢. بۆ گەیشتن بەوێ، مانگرتنێکی خوێندکاران بەس نییە. ئێمە پێویستە چالاکانە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری دروست بکەین و یەکڕیزی لەگەڵ کرێکاران نیشان بدەین، بەشداری خەباتەکانیان بکەین و بەرنامەیەکی ڕادیکاڵ بگرینە بەر لە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران، واتە بەرنامەیەکی کۆمەڵاگر. بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژێکی لەو شێوەیە، خوێندکاران نابێت لە کۆمەڵە ناوخۆییەکانیاندا بە گۆشەگیری بمێننەوە، بەڵکوو دەبێت لەسەر ئاستێکی نیشتمانی یەک بگرن. دەبێت ڕێکخراوێکی نیشتمانیی سەندیکایی بنیات بنێینەوە کە هەم دیموکرات بێت و هەم توانای گێڕانی ڕۆڵی ڕابەرایەتی هەبێت، وەک چۆن ASSÉ وا بوو.

لەو کاتەی سەرمایەداری تووشی قەیرانی ئابووری، تەندروستی و کەشوهەوا دەبێت و ململانێیە ئمپریالیستەکان هەڕەشەی ڕاکێشانمان بەرەو هۆڤێتی دەکەن، گەنجان هەست بە پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی سیستەمەکە دەکەن. وەک لە ساڵی ٢٠١٢، بزووتنەوە جەماوەرییەکانی گەنجڕێبەر پتر و پترتر دووبارە دەبنەوە، لە ئەمریکاوە تا کۆڵۆمبیا، کازاخستان، سوودان، میانمار، چیلی، جەزائیر و لوبنان. بێئەملاوئەولا بزووتنەوەیەکی ئاوەها دەگەڕێتەوە ئێرەش. ئەگەر بمانەوێت بەرەو سەرکەوتن ڕێبەری بکەین، پێویستە نەریتە شۆڕشگێڕەکانی ساڵی ٢٠١٢ زیندوو بکەینەوە.

نووسەر

بینۆیت تانگوای

پانووس

1Kettling تەکتیکێکی پۆلیسیانەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەکی زۆری جەماوەر لە کاتی خۆپیشاندان یا ناڕەزایەتی دەربڕین. [وەرگێڕ]

2Freedom Convoy زنجیرەیەکی خۆپیشاندان و دەوردان لە کەنەدا دژی بەند و فەرمانانەکانی ڤاکسینی کۆڤێد-١٩ لەلایەن ڕێکخەرەکانەوە بە “کاروانی ئازادی” (بە فەڕەنسەیی: Convoi de la liberté) لە سەرەتاکانی ٢٠٢٢ دەستی پێ کرد. [وەرگێڕ]

3PartiQuébécois (پارتی کیوبێک) پارتێکی ڕامیاریی سەربەخۆخواز و سوسیال دیموکراتی هەرێمییە لە کیۆبیک، کەنەدا. [وەرگێڕ]

4CoalitionAvenirQuébec (هاوپەیمانیی داهاتوو کیوبێک) پارتێکی ڕامیاریی ناسیونالیستی ئۆتۆنۆمیخوازی کۆنەپارێزی هەرێمیییە لە کیوبێک. [وەرگێڕ]

5Université du Québec à Montréal: زانکۆی کیوبێک لە مۆنتریاڵ، زانکۆیەکی گشتیی زمانی فەڕەنسەیییە. [وەرگێڕ]

چاوگ

Ten years since the 2012 Quebec student strike